شاسوار و سروە عەبدولواحید واز ناهێنن

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ و سەرۆکی فراکسیۆنی جوڵانەوەکە لە پەرلەمانی عێراق کە برا و خوشکن، لە دادگای فیدراڵی سکاڵایەکیان لە دژی مادەی دووی یاسای هەمواری یەکەمی یاسای پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان تۆمار کرد کە تەمەنی یاسایی ئەنجومەنەکانی پارێزگاکانی تا هەڵبژاردنێکی دیکە درێژ کردەوە.

بە گوێرەی خشتەی دانیشتنەکانی دادگای باڵای فیدراڵی، بڕیارە ڕۆژی یەک شەممە 6 ی 8 ی 2023 دادگاکە لە سەر ئەو سکاڵایە کۆببێتەوە کە لە لایەن شاسوار عەبدولواحید و سروە عەبدولواحیدەوە لە دژی درێژکردنەوەی وادەی یاسایی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان تۆمار کراوە و داوای هەڵوەشانەوەی ئەنجومەنی پارێزگاکان دەکات.

سکاڵاکەش لە دژی ڕێواس فایەق سەرۆکی پەرلەمان و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان تۆمار کراوە.

لە سکاڵاکەدا سکاڵاکارەکان داوایان لە دادگای فیدراڵی کردووە مادەی دووی یاسای ژمارە 3 ی ساڵی 2009 ی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانی هەموارکراو بە نادەستووری بزانێت و ئەنجومەنی پارێزگاکان بە هەڵوەشاوە لە ڕۆژی کۆتایی هاتنی خولی هەڵبژاردنیەوە لە پاش تەواوکردنی چوار ساڵی خۆیان لە ڕۆژی یەکەم دانیشتنیان بزانێت.

ئازاد محەممەد سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاندووە کە ئەو درێژکردنەوەیە پەرلەمانی کوردستان کردوویەتی و بە پێی مادە یاساییەکە درێژکردنەوەکە تا هەڵبژاردنی دیکە دەبێت، لە گەڵ ئەوەشدا ئێمە چەند جارێک داوامانکردووە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بکرێت.

دوایین هەڵبژاردنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لە 30 ی نیسانی 2014 بووە. پەرلەمانی کوردستان لە سەرەتای مانگی تەمموزی 2019 تەمەنی یاسایی ئەنجومەنی پارێزگاکانی تا هەڵبژاردنێکی دیکە درێژ کردەوە.