سەرۆکی یەکێتی بۆ هێزەکانی کۆماندۆ: هیچ بوارێك بۆ تێكدانی ئاسایشی هەرێم مەهێڵنەوە

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان سەردانی فەرماندەیی هێزەكانی كۆماندۆی كوردستانی كرد و لەلایەن دیار عومەر، فەرماندەی هێزەكانی كۆماندۆ و ژمارەیەك لە ئەفسەرانەوە پێشوازیلێكرا.

بەگوێرەی راگەیەندراوێک، لەكۆبوونەوەدا فەرماندەی هێزەكانی كۆماندۆ نەخشەڕێگا و هەنگاوی داهاتووی هێزەكانی لە راپۆرتێكدا روونكردنەوە و جەختی لە رێكخستن و بەهێزتركردنی توانا سەربازییەكان كردەوە تاوەكو بەهەمووشێوەیەك ئامادەی پاراستنی كوردستان و ژیانی خەڵكەكەی بن.

لەدرێژەی كۆبوونەوەكەدا بافڵ تاڵەبانی ستایشی هەوڵ و ماندووبوونی هێزەكانی كۆماندۆی كوردستانی كرد لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و پاراستنی سەقامگیریی كوردستان و رایگەیاند، ئەرك و بەرپرسیارێتیی ئێوەیە هاوشانی هێزە ئەمنییەكانیتری كوردستان لە هەوڵەكانتان بۆ چەسپاندنی یاسا و پاراستنی ئاسایشی كوردستان بەردەوامبن، فراوانكردنی هاوكاری و هەماهەنگییەكانیشتان فاكتەری بەهێزی و سەركەوتنتانە.

دەشڵێت، ژیان و ئارامیی خەڵكەكەمان لەسەروو هەمووشتێكەوەیە، بۆیە پێویستە دەستێكی پۆڵایین بن بۆ رووبەڕووبوونەوەی یاساشكێنان و هیچ بوارێك بۆ تێكدانی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمەكەمان مەهێڵنەوە.