سوپای تورکیا دوای دهۆك بەرەو نەینەوا و کەرکوك جوڵەدەکات

پەرلەمانتارێکی عێراق ڕایگەیاند: لەشکرکێشی تورکیا پەیوەندیی بەپەکەکەوە نییە دوای دهۆك بەرەو کەرکوك دەکشێت. یاسر حسێنی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، تورکیا بە لێدان لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)وە ناوەستێت و ئەجێندایەکی گەورەتری هەیە و دوای دهۆك بەرەو نەینەوا و کەرکوك جوڵەدەکات.

یاسر حسێنی بە میدیای عێراقیی وتووە، لەشکرکێشی تورکیا بۆسەر خاکی هەرێمی کوردستان قۆستنەوەی لاوازیی سیاسییە لە بەغدا، بۆئەوە تورکیا کارتی فشاری ئاو لەسەر عێراق بۆ لێدان لە پەکەکە بەکاربهێنێت.

بەوتەی حسێنی، لەشکرکێشی تورکیا پەیوەندیدارە بە کۆتاییهاتنی پەیماننامەی لۆزانەوە کە سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دیاریکردووە، تەنانەت ئەنقەرە ساڵانە پارەیەکی دیاریکردووە بۆ لەشکرکێشی بۆسەر ئەو ناوچانەی ئێستا بەشێک نەماون لە نەخشەی تورکیا ئەوانیش نەینەوا و کەرکوکن”.

پەرلەمانتارەکەی عێراق بۆچوونی وایە، ئەگەر تورکیا پەکەکەش لەناوبەرێت هەر لە خاکی عێراق ناکشێتەوە بەڵکو لەدوای دهۆکەوە بەرەو نەینەوا و کەرکوک دەکشێت.