سواڵکردنی پارتی لە بەغدا

پارتی دیمۆکراتی کوردستان و بنەماڵەی بارزانی کە تەواوی داهاتە نەوتی و نانەوتییەکانی کوردستانیان بەفیڕۆ داوە، ئێستا بۆ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران دەیانەوێت پارە لە بەغدا وەربگرن.

خەڵک دەزانن کە حکومەتی عێراق پارەی مووچەی ناردووە و پارتی و مەسرور بارزانی ئەوەشیان وەک داهاتەکانی کوردستان لە پێناو بەرژەوەندی حیزبی و ماڵباتی بارزانی سەرف کردووە و شتێک بۆ مووچە نەماوەتەوە.

بەغدا ڕەتیکردووەتەوە پێشوازی لە مەسرور بارزانی بکات بە هۆی هەڵوێستەکانی بەرامبەر بە حکومەتی ناوەند. هەربۆیە پارتی بەپەلە نێچیرڤان بارزانی ناردە بەغدا بۆ پاڕانەوە لە دەسەڵاتدارانی عێراق و سەرکردەی لایەنە سیاسییە شیعەکان.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە پێشتر نێچیرڤان بارزانی بەغدای بە موفلیس ناو دەربرد و ڕایدەگەیاند کە حکومەتی عێراق پارەی نییە و دەبێت هەرێمی کوردستان خۆی نەوتەکەی بفرۆشێت.

ئێستا نەوتەکە فرۆشراوە و داهاتەکەی تاڵانکراوە و حکومەتی هەرێم پارەی بۆ دابەشکردنی مووچە نییە و دەیەوێت بە پیلانگێڕی فشار لە سەر حکومەتی بەغدا دابنێت.

نێچیرڤان بارزانی لە بەغداوە پاڕاوەتەوە کە حکومەتی عێراق شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان ڕەوانە بکات.