زانیارى مەترسیدار لەسەر هێرشەکانى تورکیا ئاشکرا دەکرێت
ئەحمەد موسەوى، ئەندامى کوتلەى سادقون لە پەرلەمانى عێراق بە میدیا عێراقییەکانى ڕاگەیاندووە، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لە پەرلەمان میوانداری وەزیری بەرگری عێراق دەکات، ئەمەش لە بەرامبەر ئیمزاکردنى یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنی ئەمنی نێوان بەغدا و ئەنقەرە کە ڕێگە بە هێرشی هێزەکانی تورکیا دەدات بۆ ناو خاکی عێراق بە بیانووی ڕاوەدوونانی ئەندامانی پەکەکە.
موسەوی ئاماژەی بەوەدا، ئەندامانى پەرلەمان ئاگاداری وردەکارییەکانی ڕێککەوتنەکەنین و نیگەرنى خۆى دەربڕى لەوەى، بڕگەکانی کشانەوەی هێزەکانی تورکیا و ڕێگریکردنیان لە پێشێلکردنی سەروەری عێراق ناگرێتەوە، کە دەبوایە یەکبوایە لە خاڵەکانى ڕێککەوتنەکە.
دواى ڕیککەوتنى نێوان عێراق و تورکیا، کە ڕێگە بە سوپاى تورکیا دەدات لەناو خاکى هەرێم جوڵە بکات، هێرشەکانى تورکیا و بە تایبەت هێرشى ئاسمانى بۆسەر هەرێم تادێت بەرفراوانتر دەبێت و ئەمەش زیانى زۆرى لە گوندنشینان گەیاندووە.