دەسەڵاتدارانی هەرێم پەلەقاژەی مانەوەیانە

دانوستانەکانی نێوان پارتی و یەکێتی بە ئاراستەی واژۆکردنی ڕێکەوتنێکی نوێ بەردەوامە و ئامانجەکەشی دۆزینەوەی جێگرەوەی ڕێکەوتنی ستراتیژییە و هەر دوو حیزبە دەسەڵاتدارەکە دەیانەوێت دیسانەوە بەرژەوەندی هاوبەش ببێتە هۆی مانەوەیان لە سەر کورسی دەسەڵات.

پاش کۆبوونەوەی شاندەکانی مەکتەب سیاسی پارتی و یەکێتی، کۆبوونەوەیەکی دیکە بە نهێنی لە نێوان مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی بەڕێوەچووە.

زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە ئەو کۆبوونەوە لە پێناو درێژەپێدانی وتووێژەکانی نێوان هەر دوو لا بووە بە ئامانجی واژۆکردنی ڕێکەوتنێکی نوێ کە ببێتە شوێنگرەوەی ڕێکەوتنی ستراتیژی.

پارتی و یەکێتی کە لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان پێگەی خۆیان بە لاواز دەبینن و لە لایەنی دیکەی وەک نەوەی نوێ دەترسن، بە هەر شێوەیەک هەوڵ دەدەن خۆیان لە سەر کورسی دەسەڵات بهێڵنەوە. مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی کە تا دوێنێ دەستیان لە سەر ماشە بۆ یەکتر بووە، ئێستا دەیانەوێت پارتی و یەکێتی ئەو ڕێکەوتنە واژۆ بکەن تا مانەوەیان لە سەر حوکمی هەرێم بۆ ساڵانێکیتر دەستەبەر بکات.

ئەزموونی سیاسی هەرێمی کوردستان دەریدەخات کە پارتی و یەکێتی هەر کات هەست بە مەترسی و لە دەستدانی پێگەی خۆیان بکەن، هەموو ناکۆکییەک بە لاوە دەنێن و دەبنەوە هاوپەیمان بۆ دابەشکردنی سەروەت و سامانی کوردستان.