دۆخی ناو پارتی دەشڵەژێت و سەدان کادر وازهێنان ڕادەگەیەنن

لەگەڵ رادەستکردنی ناوی کاندیدەکانی پارتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان رۆژی پێنج شەممەی رابردوو بە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن، دەنگی ناڕەزایەتی لە سلێمانی و چەند شوێنێکی تر بەرزبووە کە ناوی چەند کاندیدێکی ئەو حزبە لە لیستی کاندیدەکان لابراون و هەروەها بەهۆی کۆنفرانسی ناوخۆیەوە سەدان خێزان وازهێنانیان لەو حزبە ڕاگەیاندووە..

بەپێی زانیارییەکان لە سنوری پارێزگای سلێمانی ناوی هەریەک لە کادیرانی ناسراوی کۆنی پارتی ( تارا بایز ئاغا، سەرهەنگ عێزەت، نورەدین بەشارەتی ) کە پێشتر وەک کاندید دانراون، لە لیستی کاندیدەکانی پارتی لابراون و کەسانی تری لە جێگایان دانراوە، ئەمەش ناڕەزایەتی زۆری لە نێو پارتییەکانی سلێمانیدا دروستکردووە.

بەپێی ئەو زانیاریانە ئەم کادیرانەی پارتی کە میدیاکار و کەسانی ناسراوی پارتین لابردنیان لەلایەن لقی ئەو حزبەوە لە سلێمانی بۆتە مایەی نیگەرانی نێو رێکخستنەکانی ئەو حزبە لە سلێمانی، بەتایبەتی ئەو ناوە لابراوانە دەیان ساڵە کادیری ئەو حزبەن و هەروەها هەڕەشەی ئەوە دەکەن کە بەیەکجاری بڕۆنە ماڵەوە.