دادگای نێودەوڵەتی نێوبژیوانی ICC بڕیاری کۆتایی دا و فەرمانی دەرکرد لە دژی کۆڕەک تیلیکۆم و سیروان بارزانی

١٦ی ٩ی ٢٠٢٤ دادگای نێودەوڵەتی نێوبژیوانی ICC بڕیاری کۆتایی داو فەرمانی دەرکرد لە دژی کۆڕەک تیلیکۆم و سیروان بارزانی.

 

ئەمەش پوختەی بڕیارەکانە:

یەکەم: دادگا فەرمانیکردووە کە کۆڕەک بڕی ١,١٧٤,٨٨٣,٢٣٠.٥٤ ( ملیارێک و سەد و حەفتاو چار ملیۆن و هەشتسەد و هەشتاو سێ هەزار و دوو سەد و سی دۆلار و پەنجاو چوار سەنت)ی ئەمریکی بدات بە هەردوو کۆمپانیای ئۆرەنجی فەرەنسی و ئەگیلیتی کوەیتی.

دووەم: دادگا فەرمانیکردووە کە کۆڕەک هەموو خەرجی و تێچووەکان پارێزەران و کاروبارە یاساییەکانی ئەم کەیسە لە ئەستۆ بگرێت کە ماوەی ١٠ ساڵە بەردەوامە، چونکە کۆمپانیا کوەیتی و فەرەنسیەکە لە ساڵی ٢٠١٤ ەوە خەریکی ئەم کەیسەن و تا ئێستا بڕی ٣,٤٦٨,٩٧٤.١٢( سێ ملیۆن و چارسەد و شێست و هەشت هەزار) دۆلاری ئەمریکیان خەرچ کردووەو دادگا فەرمانیکردووە کە کۆڕەک تیلیکۆم ئەو باڕە بدات بە هەردوو کۆمپانیا کوەیتی و فەرەنسیەکە.

ئەم دوو کۆمپانیایە بۆچی بوونە شەریکی کۆڕەک؟

لە ساڵی ٢٠٠٧ کۆمپانیای کۆڕەک مۆڵەتی ١٥ ساڵ کارکردنی لە کۆمسیۆنی باڵای پەیوەندی و ڕاگەیاندنی عێراق وەرگت، بەڵام تێچووی مۆڵەتەکە ١.٢٥ ملیار دۆلاری ئەمریکی بوو، کۆڕەک تیلیکۆمیش ئەو بڕە پارەیەی نەبوو، بۆیە بڕی ٢٤٠ ملیۆن دۆلاری لە کۆمپانیای ئەگیلیتی کوەیتی وەرگرت و کردیە هاوبەشی خۆی. لە ساڵی ٢٠٠٩ کۆڕەک پێویستی بە پارە و ئەزموونی زیاتربوو بۆ ئەوەی لە تەواوی عێراق گەشەبکات، بۆیە پێویستی بە وەبەرهێنەر بوو، ئەوەبوو دوای دووساڵ لە دانوستان کۆمپانیای ئۆرەنجی فەرەنسی و ئەگیلیتی کوەیتی ڕازیبوون بڕی ٨١٠ ملیۆن دۆلار بدەن بە سیروان بارزانی بەو مەرجەی سیروان بارزانی ٤٤٪ پشکەکانی کۆڕەکیان بداتێ و ڕەزامەندیش بێت لە داهاتوو ٧٪ تری پشکەکان بەم دوو کۆمپانیایە بفرۆشێت بەمەش زۆرینەو کۆنتڕۆڵ دەکەوتە دەست فەرەنسی و کوەیتیەکان. سەرەنجام سیروان بەم مەرجەش ڕازیبوو و بڕە پارەکەی وەرگت، ئەوەبوو لەم ماوەیە کۆڕەک بەتەواوی گەشەی سەند و بووە یەکەمی عێراق.

کێشەکە کەی سەریهەڵدا؟

لە ساڵی ٢٠١٤ کۆمسیۆنی پەیوەندی و ڕاگەیاندنی عێراق بڕیاریدا کە دوو کۆمپانیا فەرەنسی و کوەیتیەکە پشکەکان بگەڕێننەوە بۆ کۆڕەک و لە ڕێککەوتنەکە دەرچن بەبیانووی ئەوەی مەرجەکانی گرێبەستەکە جێبەجێ نەکراوە. ئەم بڕیارە گوومانی لەلایەن کۆمپانیا کوەیتی و فەرەنسیەکە دروستکرد چونکە پێیان وابوو دەکرێ سیروان بارزانی بەرتیلی بە بەڕێوەبەران و دەسەڵاتدارانی کۆمسیۆنی پەیوەندی و ڕاگەیاندن دابێت، بۆیە دەستیان بە تۆمارکردنی سکاڵاو کۆکردنەوەی بەڵگە کرد لەسەر پێدانی بەرتیل.

بەڵگەکان چی بوون کە دادگا پشتی پێبەست بۆ دەرکردنی بڕیارەکانی؟

١. دادگا بەڵگەی پێویستی دۆزییەوە کە سیروان بارزانی و کۆڕەک تیلیکۆم بەرتیلیان داوە بە ئەندامانی کۆمسیۆنی میدیاو پەیوەندییەکانی عێراق لە ڕێگەی نووسینگەیەکی یاسایی ساختەوە لە واڵاتی لوبنانی بە ناوی IC4LC. ئەم نووسینگەیە هەڵساوە بە کڕینی دوو خانوو لە لەندەن بۆ دووبەرپرسی باڵای کۆمسیۆنی میدیاو پەیوەندیەکانی عێراق بە ناوەکانی عەلی ئەلخویلدی و سەفادین ڕەبیع. نرخی کڕینی هەردوو خانووەکە بە یەکەوە ٢.٢٥ ملیۆن پاوەندی بەریتانی بووە.

٢. دادگا هەروەها زیاتر لە ٥٠ ملیۆن دۆلار پارەدانی بێ مۆڵەتی لە کۆڕەکەوە بۆ دامەزراوەکانی ژێر کۆنترۆڵی هاوکارەکانی سیروان بارزانی دۆزییەوە، کە ئەم پارانە سەرجەمیان وەک و بەرتیل دراون بە بەرپرسە عێراقیەکان.

٣. دادگا بڕی ١٥٠ ملیۆن دۆلار حەوالەی نایاسایی بۆ کۆمەڵێک کۆمپانیای لوبنانی دۆزیەوە کە سەرجەمیان هاوبەشی سیروان بارزانین و دەرکەوت ئەم پارانەش بۆ خۆ دزینەوەو بەرتیل دان بە عێراقیەکان بەکارهاتووە.