خۆبەخشانى تەندروستى؛ ئەم كابینەیە جگە لە خەم و پەژارە هیچی دیكەی بۆ ئێمە نەکردووە

دژى دانەمەزراندنیان خۆبەخشانى تەندروستى لە سەیدسادق دەستییان بە ناڕەزاى دەربڕین و خۆپیشاندان کرد و دەڵێن، ئەم كابینەیە جگە لە خەم و پەژارە هیچی دیكەی بۆ ئێمە نەکردووە.

ئەمڕۆ سێشەممە 15-10-2024، لە بەردەم نەخۆشخانەی شەهید شەوکەوت لە قەزاى سەیدسادقی سەربە پارێزگای سلێمانی، دەرچوانی بەشە پزیشكییەكان کە بە خۆبەخش کاریان دەکرد دەستییان بە خۆپیشاندان کرد و بەیاننامەیەکیان بۆ حکومەت و راى گشتى خستەڕوو.

لە بایاننامەکەدا ئەو دەرچووانە رایانگەیاند، دواى دەرچوونمان ماوەى 11 ساڵە بەشێوەی خۆبەخش لە ناوەندە تەندرووستییەكاندا کاردەکەین، هەر جارە و حكومەت بە بیانوویەك دەرگای دامەزراندنی بە سەرماندا داخستووە و لە ئێستاشدا داواکارین حکومەت ئاوڕێکمان لێباتەوە و دامان بمەزرێنێت.وەک خۆیان دەڵێن، ناوەندە تەندروستییەكان پێویستییەكی زۆری پێیان هەیە، داوا دەكەن یەكەمین كاری كابینەی حكومەتی داهاتوو، یەكەم پرۆژەی دەرگای دامەزراندن بێت بۆ دەرچوانی بەشە پزیشكییەكان و دەرچوانی دانەمەزراوی تەندرووستی، هاوشێوەی حكومەتی عێراق كە ساڵانە دەرچوانی بەشە پزیشكییەكان دادەمەزرێنێت، وەزارەتی تەندرووستیش كاركردنی خۆبەخشی كۆتایی پێبهینێت، چیتر ناوەندە تەندرووستییەكان بە خۆبەخش پڕنەكاتەوە و كۆتایی پێبهێنرێت.ئەو دەرچووانە هۆشدارى دەدەن و جەختدەکەنەوە، بە هیچ جۆرێك بێدەنگ نابن و چالاكی جۆراوجۆریان دەست پێدەكەن، بەردەوام دەبن لە مانگرتن و گردبوونەوە تادەگەینە مافەكانیان، داوا دەكەن مافەكانیان بۆ دابینبكەن كە ئەویش دامەزراندنە بە شێوەی دادپەروەرانە.