تورکیا ژمارەی سەربازەکانی لە هەرێمی کوردستان بۆ دوو هێندە زیاد

رۆژنامەی “تورکیا تودی” لە زاری بەرپرسێکی باڵای سوپا لە ئەنقەرەوە رایگەیاند، سوپای تورکیا بەنیازە ژمارەی سەربازەکانی لە باکووری عێراق و ئەو شوێنانەی مەترسی بوونی تیرۆر و گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستانی تێدایە بۆ دوو هێندە زیاد بکات.

ئەم قسانەی فەرماندە باڵاکەی تورکیا لە کاتێدایە کە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە هەفتەی رابردوودا ئاماژەی بەوەکرد کە وڵاتەکەی خوازیارە تەواوی ئۆپراسیۆنەکانی لە سوریا و عێراق کۆتایی بهێنێت، ئەمە سەڕەرای ئەوەی کە چەندین جار حکومەتی عێراقیش بە تورکیای راگەیاندووە کە کۆتایی بە پێشێلکارییەکان و بەزاندنی سەروەری خاکی عێراق بهێنێت.

ئەمەش لە کاتێک دایە کە حکومەتی هەرێم و بە تایبەت پارتی و بارزانییەکان بێدەنگیان لە ئاست داگیرکارییەکانی تورکیا هەڵبژاردووە.

فەرماندە باڵاکەی سوپای تورکیا، لە قسەکاندا ئاماژەی بەوەش کرد، مانەوەی هێزەکانی، تورکیا لە باکووری عێراق دەبێتە هەمیشەی و بنکەی گەورەتر و فراوانتر لەوەی کە ئێستا هەیە دادەنرێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئۆپراسیۆنی زەوی و ئاسمانی لە داهاتوویەکی نزیکدا گەورەتر و فراوانتر دەکرێت دژی پەکەکە.