ترس لە هەڵبژاردن ! / عەبدوڵڵای مەلا نوری

ئامانجی هەڵبژاردن ئەوەیە، خەڵک بە دەنگەکانیان بتوانن دەسەڵات لە لایەنێک وەربگرنەوە و بیدەنە لایەنێکی تر.

ترس لە بڕیاری خەڵک و ئەنجامی هەڵبژاردن، حزبی دیموکراتی ئەمریکای ناچارکرد، لە نزیکی کاتی هەڵبژاردندا، دەستبەرداری جۆبایدن وەک کاندیدی سەرۆککۆمار ببێت و جێگرەکەی بهێنرێتە پێشەوە.

گۆڕانکاری لە سیاسەت و قیادەی حیزب لە ترسی شکست لە هەڵبژاردن، رێزگرتنە لە خواستی خەڵک، باوەڕبونە بە دیموکراسی و نوێ بونەوەو پێشکەوتن.

ئەسڵەن ئەو هەڵبژاردنەی ترس لە دڵی حیزبدا دروست نەکات و نەیانخاتە بەردەم بژاردەی بەخۆداچونەوە، جێگای پرسیارە!

لەم سۆنگەیەوە، هەر حیزبێک حساب بۆ دەنگ و هوشیاری خەڵک بکات، توانای بەردەوامی و بەهێزبونی هەیە.

بە دەربڕینێکی تر، لەو شوێنەی حیزب لە ترسی خەڵک و دەنگدەر گۆڕانکاری لە خۆیدا دەکات، دەبێ خەڵک دڵخۆشبێت و خۆی بە سەرکەوتو و سەرچاوەی گۆڕانکاری بزانێت.

ترس لە دەنگ و ئیرادەی خەڵک بۆ حیزب نیشانەی زیندوێتیە.

شەرمەزاری ئەوەیە پشت بەستن بە تەزویر، بە هێزی چەکدارو پارەی دزراو و پشتیوانی وڵاتانی ئیقلیمی درێژە بە مانەوەی حیزب و دەسەڵاتدارەکانی بدرێ.