بەنگلادیشییەکانیش باسی پایتەختە خنکاوەکەی هەرێمی کوردستان دەکەن

ئاژانسێکی بەنگلادیشی لە درێژەی ڕاپۆرتی میدیا جیهانییەکان لە سەر قەیرانی بێ ئاوی هەولێر، ڕایگەیاندووە کە لەم وەرزی هاوین و گەرمایەدا هەولێرییەکان بە دەست نەبوونی ئاوی خواردنەوەوە دەناڵێنن و دوو هەفتە جارێک خۆیان ناشۆن.

ئێستا بەم گەرمای هاوینە، هەولێر بێ ئاوە. ئومێد خۆشناوی پارێزگار داوای لە خەڵکی هەژاری شارەکە کردووە کە خۆیان نەشۆن تا مەلەوانگە و دەریاچەی نێو باخ و ڤێلاکانی بەرپرسان و دەوڵەمەندەکانی شارەکە ئاویان پێبگات.

هاوین دەستیپێکردووە و بێ ئاوی تەنگی بە هەولێرییەکان هەڵچنیوە، ئەم کێشەیە لە زۆربەی گەڕەکەکانی هەولێری پایتەختدا دەبینرێت و کەم ڕۆژ و شەوێک هەیە بە هۆی بێ ئاوی و لاوازبوونی ئەم دەسەڵاتەوە خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی دەرنەبڕن.

جیاوازیکردنی نێوان گەڕەکە هەژارنشینەکان و گەڕەک و ناوچە دەوڵەمەندنشینەکان خەڵکی هێندەی دیکە نیگەران و ناڕازی کردووە. لەو ناوچە دەوڵەمەندنشینەکانی هەولێر شوێن نییە مەلەوانگە و دەریاچەی تێدا درووست نەکرابێت و لە گەڕەکە هەژارنشینەکانیش خەڵک یەک تەنکی ئاو بە زیاتر لە 140 هەزار دینار دەکڕن.

کورد لە مێژە قسەیەکی جوانی هەیە کە دەڵێت ڕۆژان ڕۆژیان لە دوایە. ئێستا کە ئەم خەڵکە بە دەست کەمتەرخەمی دەسەڵاتدارانەوە دەناڵێنن، ڕۆژێک دەگات تۆڵەی ئەم دۆخەیان لێبکەنەوە، ئەو ڕۆژەش ڕەنگە نزیک بێت و لە هەڵبژاردنەکاندا قسەی نوێیان بۆ دەسەڵات دەبێت.

ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی هەولێر خەوی لە چاوی بەرپرسانی شارەکە و حیزبە دەسەڵاتدارەکە زڕاندووە و هەر ئان و سات مەترسی تەقینەوەی ناڕەزایەتییەکانیان هەیە.

تەنیا چارەسەر لای دەسەڵاتداران و بەرپرسانی هەولێر ئەوەیە کە بە خەڵکی هەژار بڵێن دەست بە ئاوەوە بگرن و هیچ پلانێکیان بۆ دەربازبوون لەم قەیرانە نییە و تا دێت کێشە و گرفتەکانی خەڵک زیاتر دەبێت، ئەو کێشانەی کە نەک تەنیا چارەسەر نەکران، بەڵکوو بێ ئاوییەکەشی هاتووەتە سەر تا خەڵک زیاتر ئەزموونی حکومڕانی کوردی بە شکستخواردوو ناو ببەن.