بەغدا متمانەی بە هەرێم نییە؛ تێبینی زۆری لەسەر داهاتی نانەوتی هەیە

نەرمین مەعروف، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند: بەغدا تێبینی زۆری لەسەر داهاتی نانەوتی بەتایبەت گومرگ و دەروازە سنورییەكان هەیە.

وتیشی: كار لەسەر یەکخستنی باج و گومرگ لە نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و بەغدا کراوە بۆ جێبەجێکردنی یاسای ئیدارەی مالیەی تایبەت بە رێژەی ئەو داهاتانەی هەرێم كە پێویستە بیداتە خەزێنەی گشتی حکومەتی فیدراڵ و لەبەرامبەر تەواویی شایستە داراییەکانی هەرێم لە چوارچێوەی یاسای بودجەی گشتی وەربگرێت.

نەرمین مەعروف ڕاشیگەیاند: رێككەوتن كراوە پێویستە تا کۆتایی ئەمساڵ چارەسەری هەموو ناکۆکییەکانی نێوان حکومەتی فیدڕاڵ و هەرێم بکرێت.

دووپاتیکردەوە کە پێویستە کاربکەن بۆ جێبەجێکردنی ئەو خاڵانەی لەسەری رێکەوتوون و لیژنەی دارایش لای خۆیەوە چاودێر دەبێت بەسەر هەردوولا لە جێبەجێکردنی پاپەندییەکانیان.