بۆ کاک رێباز حەمەلانەکان! / عەبدوڵای مەلانوری

بەڕێزینە: ئایا، ئەزانن ئێوە و ئەمسالەکانی ئێوە بون، بونە هۆی ئەوەی ٥٠٠ هەزار کەس، سزای گۆڕان بدەن و خەڵک بێهیوا ببێت؟

ئایا ئەزانن، ئێوە سەنگەری خەڵکی رەشوڕوتان چۆڵ کرد و رۆشتن بەرەو زەلکاوی دوو حیزبی لێوان لێو لە ناپاکی، گەندەڵی، بنەماڵەیی؟

ئایا، ئەزانن هەر پاساوێکتان بۆ ئەم جێگۆڕکێیە جگە لە چەواشەکاری و درۆ، هیچی تر نییە؟

لە راستیدا من دڵخۆشم، حەز دەکەم ٥٠٠ هەزار دەنگدەرەکەی گۆڕانیش دڵخۆشبن، کاتێک دەبین:

یەک: ماڵ و سەنگەری پیرۆزی دەنگدەرانی رەشوڕوت، ئەما هوشیار، لە خەڵکی ترسنۆک و هەلپەرستی وەک ئێوە پاک دەبێتەوە.

دوو: دڵخۆشم، کە گۆڕان خۆی لە سێبەری بنەماڵە رزگار کرد.

سێ: دڵخۆشم، کە گۆڕان خۆی لە زەلکاوی حکومەتی سلێمانی و هەولێر رزگار کرد و دەبێ پرۆسەی کشانەوەکە بە زویی تەواو بکات.

چوار: دڵخۆشم، کە گۆڕان خۆی لە بەشێکی گەورەی سیاسی و بڕیاربەدەستانی پێشوی رزگار کرد و دەبێ بە تەواوی خۆی رزگار بکات.

پێنج: گۆڕان بویەوە بە ئۆپۆزسیۆن و گەڕایەوە بۆ ناو دەنگدەرەکانی.

شەش: دڵخۆشم، کە گۆڕان بە دەنگی بەرز سێ جار داوای لێبوردنی کرد.

دەی گۆڕانخوازان، لە دایکبونەوەی نوێ ئازاری قورسە، دڵتانخۆشبێت، ئەو کۆرپەیەی، کە بە دەستی خۆتا گەورەکراو لێتان دزرا، وا وردە وردە دەگەڕێتەوە بۆ لاتان.

لە راستیدا، ئەو گۆڕانکاریە درەنگ وەختانەی، کە لە ١٠ رۆژی رابردودا لە ناو گۆڕاندا رویان دا، بەرهەمی شەقی پیرۆزی ئێوە بوو، بڕوا بکەن بێ پێشینەو شۆڕش بوو، لە هیچ حیزبێکی تردا وێنەی نەبووە.

بە بڕوای ئێمە بڕۆن پشتیوانی گۆڕانەکەی ئێستابن، دەنگی پێ بدەنەوە، بەهێزی بکەنەوە، وەلێ چاودێری بکەن و هەردەم لێیبپرسنەوە.

ئێمەش پشتیوان دەبین، بەدەنگەکانمان، (یەک جار) هەل و دەرفەتێکی تری پێدەدەینەوەو چاودێرێکی جدیش دەبین بە سەریانەوە و لە هیچ لادانێکیش بێدەنگ نابین.