بۆ ئاگاداریی جەنابی سەرۆکی هەرێم!

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە سەردەمی سەرۆکایەتی کابینەی حکومەتدا بە بناغەدانەری سیاسەتی ئابوری سەربەخۆ دادەنرا، ئەو سیاسەتەش تا ئەمڕۆ شکست و ماڵوێرانییەکی زۆری تووشی خەڵکی کوردستان کردووە.

نێچیرڤان بارزانی ساڵی 2015 لە لێدوانێکدا بە گرنگییەوە باسی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستانی دەکرد و بانگەشەی دەکرد کە نەوتی خۆمانە، خۆمان دەیفرۆشین، پێی دەژین و کەیفی پێدەکەین.

لەو کاتەوە تا ئێستا نەوتی هەرێمی کوردستان لە لایەن حکومەتەکەی بارزانییەکانەوە دەفرۆشرێت، بە ڕێگەی بۆری لە تورکیاوە یان بە قاچاخ و بە تەنکەر کە تەنانەت گەیشتووەتە ئەفغانستان، بەڵام دۆخی ئابوری داڕماوتر و حکومەتی هەرێم مایەپووچتر بووە.

پارتی دیمۆکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان و هەر دوو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی، داهاتی نەوت و ناوخۆ تاڵان دەکەن و هیچ بۆ خەڵک نەماوەتەوە و ئەگەر خێر و سەدەقەی بەغدا نەبێت چەند مانگ جارێکیش مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆران دابەش ناکرێت.

جەنابی سەرۆکی هەرێم، ئایا ئەمە ئەو ژیان و کەیفەیە کە باست کردووە؟ ڕەنگە مەبەستت بۆ حیزب و بنەماڵەکەت بێت، ڕاستە ئەوان ژیانی شاهانەیان هەیە و خەڵک لە نەهامەتی و مەینەتییەکی تەواودا دەژین.