ئەوەی دوای هەڵبژاردن ڕوو دەدات
پارتی لە کەمیندایە بۆ یەکێتی و دەیەوێ تۆڵەی کەرکوک و نەینەوای لێ بکاتەوەو یەکێتیش دەیەوێ زۆرترین خواستی بسەپێنێت، بۆیە دانوستانەکانی کاتی پێکهێنانی حکومەت کێشمەکێشی سەختیان لێدەکەوێتەوە و لایەنەکانی تریش دەکەونە نێو بەرداشی ئەم کێشمەکێشەوە.
کاتێک بەرەی سەدرو پارتی و سونە شەڕی پێکهێنانی حکومەتیان دەکرد و لە ململانێدا بوون لەگەڵ بەرەی شیعەکان، هەرلایەنێکی کوردی بەشداری کۆبوونەوەی پەرلەمانی بۆ بەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار دەکرد بە پاشکۆی پارتی و هەرلایەنێکیش بەشدار نەدەبوو بە پاشکۆی یەکێتی ناوی دەبرا.
ڕەنگە ئەم ئەزموونەی عێراق لەکاتی پێکهێنانی حکومەت دووبارە ببێتەوە، هەر لایەنێک بچێتە دانوستانەوە بۆ پێکهێنانی حکومەت بە پاشکۆی پارتی و هەر لایەنێکیش نەڕوات بە پاشکۆی یەکێتی ناوی ببرێت.
هەر لایەنێک پێش هەڵبژاردن هەڵوێستی خۆی یەکلایی بکاتەوە بەوەی بەشداری حکومەت دەکات یاخود دەبێتە ئۆپۆزسیۆن و لە ئێستاوە ڕایبگەیەنێت، ڕەنگە دوای هەڵبژاردن کارتی دەستی بەهێز بێت و نەتوانرێت تۆمەتبار بکرێت، بەڵام هەڵوێستی دوای هەڵبژاردن و لە کاتی ململانێی نێوان پارتی و یەکێتی دۆخەکە بۆ لایەنەکان ئیحراج دەبێت.
لە نووسینی دڵشاد ئەنوەر