ئەم هەڵبژاردنەش فت!

ئەگەر سەیرێکی لیستی بەربژێری حزبەکان بکەین، ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە ئەم هەڵبژاردنەش ناتوانێت هیچ لە دۆخی هەرێمی کوردستان بگۆڕێت جگە لە شەرعیەت دانەوە بە هەردوو بنەماڵەی حوکمڕانی تاڵەبانی و بارزانی، لەگەڵ یەک دوو وێنەی جەماعی مەکتەب سیاسی هەردوولا. ئەوەی ئێستا هەیە لە هەرێمی کوردستان، ڕاستییەکەی سێ حکومەتییە، حکومەتی پارتی لە زۆنی زەرد، حکومەتی یەکێتی لە زۆنی سەوز، لەگەڵ حکومەتێکی هاوبەش بۆ شەرعیەتدان بە هەردوو حکومەتی زۆنی سەوز و زۆنی زەرد، هەروەها بەکارهێنانیەتی وەک پەردەیەک بە ڕووی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەغدا، ئەم حکومەتەش پەرلەمانێکی گەرەک بوو، بەڵام کارتۆنی و، هەمدیس بۆ شەرعیەتدانەوە بە هەردوو زۆنەکە.

ئەمە لای هەمووان ڕوونە! کەی بووینە خاوەنی پەرلەمانێکی بەهێز، ئەوکاتە دەبین بە خاوەنی حکومەتێکی بەهێز! ئەم هاوکێشەیە ڕاستەوانەیە، بە بەڵگەی ئەوەی لە پێنج خولی ڕابردوودا پەرلەمانێکی بەهێزمان نەبووە، بینیمان حکومەتێکی لاواز و بێ ئیرادە و گەندەڵمان هەبووە! لە سیستەمی دیموکراسیدا پەرلەمان باڵاترین دەسەڵاتە و سیماتی پەرلەمانی بەهێزیش ئەوەیە، کە کەسی یەکەمی حزبەکان بە دەنگی خەڵک بچنە ئەوێ و ململانێکانیان بخەنە ژێر چەتری ئەو پەرلەمانە.

ئەگەر سەیرێکی لیستی بەربژێری حزبەکان بکەین، تێدەگەین کە کادیری ئاستی پلە سێ و چوار بەربژێن بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی ناوچەگەری و عەشیرەتگەری.

کەواتە ئەگەر پێمان وابێت پەرلەمانی داهاتوو شتێک لە خەمی گشتی دەگۆڕێت، پێگەی هەرێمی کوردستان بەهێز دەکاتەوە، ئەوا زۆر بە هەڵەدا ڕۆیشتووین، چونکە هەموو ئاماژەکان بۆ تۆخکردنەوە و تۆکمەکردنی سەیتەرەی دێگەڵە و، زنجیرە کۆبوونەوەی نێوان مەکتەب سیاسی پارتی و یەکێتی دەچێت، کە مەکتەب سیاسی کارتۆنین و بڕیار بەدەست نین، بەڵکو بڕیار لای شەخسی مەسروور بارزانی و بافڵ تاڵەبانییە.

ئەوەی لەم هاوکێشەی ئێستای کوردستان دەگۆڕێت یەک شتە، پارتی ناتوانێت بە تەنیا حکومەتی ھەرێمی کوردستان پێک بهێنێت، بۆ ئەمەش پێویستی بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەیە. یەکێتییش هەموو خەمی ئەوەیە حورمەتی بگیرێت و، لە بڕیارەکاندا پرسی پێ بکرێت و بەشی لە کێکی دەسەڵات زیاتر بێت، نەک خەمی گشتی هەبێت کە هەموو کەس ئەو خەمەی هەبێت ئەوا یەکێتیی و پارتی نیانە.

ئەوەی دەمێنێتەوە لە حزبەکانی دیکە، بەمەی ئێستا دەیبینین بوونی ژمارەیەک دەنگ و کورسی جیاوازە کە ئەوانیش خەمی گیرفانیان زیاترە لە خەمی گشتی، ئەمەشە وایکردووە نەتوانن لە ژێر چەتری ئۆپۆزسیۆنێکی بەهێز کۆببنەوە! نەبوونی ئۆپۆزسیۆنێکی بەهێز، جارێکی دیکە ڕێخۆشکردنە بۆ درێژەدان بەم هاوکێشەیەی لەسەرە باسم کرد، یانی درێژەدانە بە بەرژەوەندییە باڵاکانی پارتی و یەکێتی! بۆیە جێی خۆیەتی بڵێین، ئەم هەڵبژاردنەش فت.

لە نووسینی فەرمان سادق