ئەبوبەکر کاروانی: سەرکردەیەکی بیرمەند نییە کوردستان بەڕێوە ببات

سیاسەتمەدارێکی کورد ڕایگەیاند کە ماوەی ساڵێکە دۆخی هەرێم بەرەو خەراپتربوون ڕۆیشتووە و هۆکارەکەشی ئەوەیە کە سەرکردەیەکی بیرمەند نییە کاروباری وڵات بەڕێوە ببات.

ئەبوبەکر کاروانی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند کە لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوو دۆخی هەرێمی کوردستان بەرەو خەراپتربوون ڕۆیشتووە، بە هۆی ئەوەی کە زۆرینەی هاووڵاتیان متمانەیان لە کەمینەی دەسەڵات کێشاوەتەوە و یەکگرتوویی لە نێوان لایەنەکاندا نەماوە و هەرێم خاوەنی سەرکردەیەکی بیرمەند نەبووە بۆ بەڕێوەبردنی کاروبارەکانی وڵات.

ناوبراو وتی سەرکردەیەک کە لە خەمی نیشتماندا بێت پێویستە بێ گوێدانە شار و ناوچەیەکی دیاریکراو لە خزمەتی خەڵکەکەیدا بێت.

ئەبوبەکر کاروانی وتی کە شەرمە هەرێمی کوردستان لە پاش 30 ساڵ لە حکومڕانی خاوەنی دەستووری خۆی نەبێت.

ئەو سیاسەتمەدارە کوردە وتی کە لە ئێستادا شەرعییەتی دامودەزگاکانی هەرێم نەماوە و یەکێتی و پارتی لە خەمی گیرفان و پارەی خۆیاندان نەک خەڵک و پێویستە هەڵبژاردنەکان بەڕێوە بچێت.