ئایا حکومەتی هەرێم لە قەیرانی مووچە ڕزگاری دەبێت؟

لە چەندین کابینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە دیاریکراوی لە 10 ساڵی ڕابردوودا فەرمانبەران مافەکانیان لە لایەن بنەماڵەی بارزانییەوە کرایە قوربانی. قەیرانی مووچە کە سەرهەڵداوی ئابوری سەربەخۆ و شکستخواردووی بارزانییەکان بوو، بووە هۆی لەدەستچوونی دەیان مووچەی فەرمانبەران. ئەوان مووچەکانیان دەفەوتا، بە لێبڕین و پاشەکەوت و دەیان ناو و نیشانی دیکەوەی کەموکوڕییەوە پێدەدرا.

بەرژەوەندی تایبەتی بنەماڵەی بارزانی ڕێگریی لەوە دەکرد کە قەیرانی مووچە بە دڵ و خواستی خەڵک و فەرمانبەران لە لایەن حکومەتی عێراقەوە چارەسەر بکرێت. لەم دە ساڵەدا بژێوی خەڵک و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم کرایە قوربانیی عینادی سیاسی بارزانییەکان و پارتی دیمۆکراتی کوردستان.

بە هۆی پێنەدان، دواکەوتن و لێبڕینی مووچەوە، ناڕەزایەتییەکی زۆر لە هەرێمی کوردستان بینرا. دەیان ڕاوێژکاری مەسرور بارزانی بەوەیان ڕاگەیاند کە تەقینەوەی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک چاوەڕوانکراوە. هەر بۆیە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیان سازشی بۆ بەغدا و حکومەتی ناوەندی کرد تا قەیرانی مووچە هەرچەندە بە شێوازی کاتیش بێت چارەسەر بکات.

ئەگەرچی ئێستا تا ڕادەیەک ئەو قەیرانە چارەسەر بووە، بەڵام قەیرانەکە بە هۆی چارەسەرنەبوونی بنەڕەتی، وەک ئاگری ژێر خۆڵەمێشە و هەر کات دەتوانێت سەرهەڵبداتەوە.

مەسرور بارزانی بۆ ئەم هەڵبژاردنانە خۆیی لە ئاگری توڕەیی خەڵک و فەرمانبەران ڕزگار کرد بەڵام عێراق وڵاتێکی فرە بۆچوون و بڕیارە و ڕەنگە سەرۆک وەزیرانی داهاتوو بە ئاسانی ملکەچی پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم نەبێت، ئەویش لە کاتێکدا کە حکومەتی بارزانییەکان پابەندی هیچ بەڵێنێک نین.