ئامارێکی مەترسیداری کۆچی هاوڵاتییانی هەرێم بۆ هەندەران بڵاوکرایەوە

سەرۆكی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپا ڕایگەیاند، تەنها لە ١٠ مانگی ئەمساڵدا، لە هەرێمی کوردستان حەوت هەزار هاوڵاتی هەرێمی کوردستان کۆچیان کردووە بۆ وڵاتانی ئەوروپا.

ئەبوبەكر عەلی سەرۆكی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپا لە ھەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوسیدا وتی: ئەڵمانیا لە ٢٢ی مانگ لە قۆناغی دووەمدا کاروانێکی دیکەی پەنابەرانی هەرێمی کوردستانی ڕەوانەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا کردەوە، کە ژمارەیان ٣٦ هاوڵاتیی بوو کە بەشێك لەوانەش خێزاندار بوون و زۆربەیان خەڵکی دهۆک بوون و ئەوانی دیكەش خەڵکی شاری هەولێر و سلێمانی بوون.

هەروەها وتیشی: لە ئێستادا دۆخی پەنابەران لە خراپیدایە، تەواوی وڵاتانی ئەوروپا لە بەرنامەیاندایە بچنە ژێر باری ڕێکەوتننامەی وڵاتانی ئیتاڵیا و ئەڵمانیا، داوا لە گەنجانمان دەکەین ئەم کۆچە بەلێشاوە کە بووەتە دیاردە نەیکەنە تاکە بژاردەیەک بۆ گەشتنیان بە ئەوروپا و خۆیان نەخەنە بەردەم چارەنووسێک کە ئایا مافی پەنابەرێتیان پێدەدرێت یاخود نا.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە ماوەی ١٠ مانگی ڕابردووی ئەمساڵدا، لە هەرێمی کوردستان حەوت هەزار هاوڵاتی هەرێمی کوردستان کۆچیان کردوە بۆ وڵاتانی ئەوروپا و لە ناو ئەو ژمارەیەشدا پشکی شێر بەر دەڤەری پشدەر و بیتوێن کەوتوە، کە ژمارەیان هەزار و ٥٥٠ کەس بووە.