یەکێتی لە کەرکوک چی دەکات؟

یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە نیازی درووستکردنی فەوجێکی کۆماندۆیە لە کەرکوک و ئەوانەش وەردەگرێت کە بنەماڵەکانیان سەر بە ڕێکخستنەکانی ئەم حیزبە بن.

ماوەی چەند ڕۆژێکە ناونووسین بۆ درووستکردنی فەوجێکی نوێی کۆماندۆ لە گەنجانی کەرکوک دەستیپێکردووە و ڕۆژانە قەرەباڵغییەکی زۆر بۆ ناونووسین لە بەردەم بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە گەڕەکی شۆراوی کەرکوک دەبینرێت.

فەوجەکە ئەو کەسانە لە خۆ دەگرێت کە تەمەنیان لە سەرووی 18 ساڵە و دانیشتووی کەرکوکن و ئامادەییان تێدایە لە دەرەوەی کەرکوک دەوام بکەن، بە مەرجێک خۆیان و بنەماڵەکانیان لە ڕێکخستنەکانی یەکێتی ئەندام بن.

تا ئێستا فایل و پێداویستی لە هەزاران کەس وەرگیراوە، بڕیارە پاش کۆتایی هاتنی ناونووسین بۆ وەرگرتن لە هێزی کۆماندۆ، تاقیکردنەوەی جەستەیی و ڕاهێنان بە سەرجەم ئەو کەسانە بکرێت کە ناویان تۆمار کراوە و پاشان 500 کەس وەربگیرێن و فەوجێکی نوێیان بۆ درووست بکرێت.

ئەو فەوجەی کە بڕیارە پێک بهێندرێت، لە ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی پێشمەرگە لە نزیک کەرکوک جێگیر دەکرێن.

لە دوو مانگی ڕابردوو سریەیەکی هێزی کۆماندۆ لە گوندی خاڵۆبازیانی ڕۆژهەڵاتی کەرکوکەوە گواسترانەوە بۆ ناوچەکانی بانی مەقان لە چەمچەماڵ و لە ئێستادا تەنیا لیواکانی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزی 70 لە نزیک کەرکوکن.

درووستکردنی فەوجەکەی هێزی کۆماندۆی یەکێتی لە خەڵکی کەرکوک، وەڵامێکە بۆ ئەو هێزە چەند سەد کەسییە کە پارتی بۆ عەبدوڵڵای کوێخا موبارەکی درووست کردووە، ئامانجی پارتیش لە درووستکردنی هێزەکە کێڵگەی کۆرمۆر و شاری کەرکوکە و دەیەوێت لە خەڵکی ئەو ناوچانە هێزی جێگیرکراو و ئامادەی هەبێت، ئێستا یەکێتیش هەر لە خەڵکی کەرکوک هێزێکی ڕاهێنراو پێک دێنێت و بۆ هەر ئەگەرێک لە داهاتوودا ڕوبەڕوی کوڕانی کوێخا موبارەک و هێزەکەی سەر بە پارتی دەبێتەوە.