یەکێتی لە بەغداوە دژی پارتی کەوتە جوڵە

یەکێتی بۆ هەڵگرتنی گەمارۆکانی سەر هێزەکانی دژە تیرۆر، هەوڵەکانی لە بەغداوە دەستپێکردووە.

کێشەکانی پارتی و یەکێتی بە تایبەت لە دۆسیەی تیرۆری هاوکار جاف گەیشتە بڕینی بەشە بودجەی هێزەکانی دژە تیرۆری یەکێتی لە لایەن ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە کە لە لایەن پارتییەوە کۆنتڕۆڵ کراوە.

لە ئێستادا یەکێتی لە ڕێگای بەغداوە هەوڵی هەڵگرتنی گەمارۆکانی پارتی و حکومەتی هەرێم دەدات.

هێزەکانی دژە تیرۆری یەکێتی لە ئۆپەراسیۆنەکانی هێزە عێراقییەکان لە پارێزگاکانی کەرکوک، دیالە و سەڵاحەدین بەشداری دەکەن، ئەمەش بە ئامانجی شکاندنی ئەو گەمارۆیە دەکرێت کە لە لایەن حکومەتی هەرێمەوە خراوەتە سەریان.

لە سنوری پارێزگای کەرکوک فەوجی کەرکوکی دژە تیرۆر بە فەرمی بووەتە ئەندامی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی پارێزگاکە و یەکەم هێزی ئەمنی کوردییە کە لە پاش ڕووداوەکانی 16 ی ئۆکتۆبەری 2017 ەوە بە فەرمی چالاکی لە سنوری پارێزگای کەرکوک ئەنجام دەدات.

بەشداری و مامەڵەی فەرمی هێزە عێراقییەکان لە گەڵ دژە تیرۆری یەکێتی، بە هۆی داواکارییەکانی بافڵ تاڵەبانییەوە بووە لە دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق و بەو هۆیەوە دەزگای هەواڵگری عێراق فەرمانی بە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی پارێزگای کەرکوک، دیالە و سەڵاحەدین کردووە کە فەوجەکانی دژە تیرۆر لە سنوری چالاکی خۆیان بکەنە ئەندام لە ژووری ئۆپەراسیۆنەکان.