یەکێتی خۆیی بۆ بەخێو ناکرێت باسی هەر چوار پارچە دەکات

بەرپرسێکی باڵای یەکێتی نیشتمانی کوردستان داوایکردووە کە دامەزراوەیەکی کوردی بۆ نوێنەرایەتی هەر چوار پارچەی کوردستان پێک بهێندرێت.

ئارێز عەبدوڵڵا بەرپرسی بەشی بیر و ڕاوێژکاری یەکێتی کە بە شێوازی ئۆنلاین بەشداریی لە کۆنگرەی 100 ساڵەی ڕێکەوتنی لۆزان کرد، داوای پێکهێنانی دامەزراوەیەکی کوردیی کرد تا نوێنەرایەتی چوار پارچەی کوردستان بکات.

یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پاش کۆچی دوایی مام جەلال، کۆنگرەی 4 و ڕووداوەکانی 8 ی تەمموزی 2021 بە دۆخێکی دژواری ناوخۆییدا تێپەڕ دەبێت و هیچ کات وەک حیزبێکی یەکگرتوو پێناسە نەکراوە، هەروەها پەیوەندییەکانی لە گەڵ پارتی دیمۆکراتی کوردستان لەوپەڕی خەراپیدا بووە، حیزبێک بەم حاڵەوە دەتوانێت ئەم هەموو لایەنە کوردییە ناتەبایە لەو ناوەندە هاوبەشە کۆبکاتەوە؟

ئەوە حاڵی پەیوەندییەکانی پارتی و پەکەکە و هەسەدەیە کە خەڵک ئاگادارن چۆنە و بە چ ئاراستەیەکیشدا دەڕوات.

هەروەها هەسەدە کە ڕێگە بە هیچ لایەنێکی دیکەی کوردی نادات لە ناوخۆی سوریا چالاکی بکەن.

کۆمەڵە و دیمۆکراتەکان و پەژاک و ئەوانەی دیکەش دۆخەکەیان زۆر باشە کە بتوانن لە ناوەندە پێشنیارکراوەکەی ئارێز عەبدوڵڵا و یەکێتیدا شوێنیان بکرێتەوە؟

باشترە ئارێز عەبدوڵڵا سەرەتا ناوخۆی حیزبەکەی ڕێکبخاتەوە، پاشان پەیوەندییەکانی لە گەڵ پارتی باشتر بکات، هەر کات ئەو یەکگرتووییەی کورد لە هەرێمی کوردستان بەدیکرا، ئەو کاتیش پرۆژەکەیان بۆ کوردان و لایەنەکانی دیکە شۆڕ بکەنەوە.

دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان پێمان دەڵێت کە پێشنیار و بیرۆکەکەی ئارێز عەبدوڵڵا هەر لە سلێمانیش سەر ناگرێت، چ بگاتە هەرێمی کوردستان و ئەوەی کە هەر چوار پارچە ناوی براوە.