یەکێتی حکومەتی هەرێم بە شکستخواردوو و تاکڕەو ناو دەبات

تا دێت گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی بە تایبەت لە کەرکوک زیاتر دەبێت و ئەگەری ئەوەش هەیە هەر دوو حیزبەکە ئەزموونی شەڕی ناوخۆ دووبارە بکەنەوە.

مەڵبەندی دووی ڕێکخستنی کەرکوکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕایگەیاندووە کە پارتی لە ڕێگەی حکومەتی شکستخواردووی تاکڕەوی هەرێمەوە هەوڵ دەدات کێشەکان هەناردەی کەرکوک بکات و ئەو کەسانەش لە ناو خۆپێشاندانەکانن لە هەولێرەوە ئاراستە دەکرێن.

لە ڕوونکردنەوەیەکی مەڵبەندی دووی ڕێکخستنی یەکێتیدا هاتووە کە پارتی بە هاوکاری چەند لایەنێکی دیکە بە مەبەست و سیناریۆی جیاجیا، کێشە و گرفت بۆ دانیشتووانی کەرکوک درووست دەکات.

یەکێتی ڕایگەیاندووە کە پارتی لە ڕێگەی حکومەتە شکستخواردووە تاکڕەوەکەی هەرێمەوە هەوڵی هەناردەی کێشەکان بۆ کەرکوک دەدات و سەرجەم ئەو کەسانەش لە ناو خۆپێشاندانەکانن لە هەولێرەوە ئاراستە دەکرێن و دەیانەوێت کێشە و بشێوی لە ناو نەتەوەکانی شارەکە درووست بکەن بەڵام خەڵکی کەرکوک بە سەرجەم نەتەوە و پێکهاتەکانەوە زۆر ووشیارن و لە مەرامی ناحەزان تێگەیشتوون.

ڕاشیگەیاندووە کە پارتی و ئەو لایەنە شۆڤێنییە عەرەبی و تورکمانانە کە هاوپەیمانن و دۆستی یەکترن، کێشەیان بارەگا نییە، چونکە لە ئێستادا بارەگای لق و ناوچەکانی چۆڵکراون، بەڵام بە مەبەست ناگەڕێتەوە و دەیانەوێت بەو بیانووەوە ئاسایشی کۆمەڵایەتی کەرکوک تێکبدەن.