یەکێتی بۆ پارتی: کڵاو ناچێتە سەرمان

لە کاتیکدا کە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵی دیاریکردنی وادەیەکی نوێی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستانە، ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی ڕایگەیاندووە کە حیزبەکەی ئەمجارە نایەوێت کڵاو بکرێتە سەری.

سەعدی ئەحمەد پیرە سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاندووە کە ئەو قسانەی کە باس دەکەن یەکێتی ئامادە نییە بۆ هەڵبژاردنەکان، قسەیەکی بێ مانایە، یەکێتی کۆمەڵەیەکی ڕۆشنبیری نییە کە لیستێک پێک بێنن و بڵێن لەو هەڵبژاردنانەدا خۆمان تاقیدەکەینەوە.

ناوبراو وتی کە یەکێتی تاقیکراوەتەوە و هەر کاتێک هەڵبژاردن دەکرێت بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو خۆی ئامادە دەکات.

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی وتی کە لە هەر ساتێکدا هەڵبژاردن بکرێت، یەکێتی ئامادەیە، بەڵام کام هەڵبژاردن، ئەم قسانە بۆ ئەوەیە فشار بخەنە سەر یەکێتی بۆ ئەوەی لیستە ساختەکەی دەنگدەران و یەک بازنەیی و ساختەکاری و مۆنۆپۆلی پارتی بۆ پێکهاتەکان قبووڵ بکات.

سەعدی ئەحمەد پیرە وتی کە یەکێتی هەموو کات هەڵبژاردنی ویستووە، بەڵام نایەوێت کڵاو بچێتە سەری.

ناوبراو ڕایگەیاندووە کە ئەو بۆچوونە نەزۆکانەی دەڵێن یەکێتی نایەوێت هەڵبژاردن بکات، بۆ ئەوەیە کە شەرعییەت بدەن بە هەڵبژاردن بە سیستەمی پێشوو.