یوسف محەمەد: تۆڵەم لە مەسعود بارزانی کردەوە

سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان زانیارییەکی گرنگی لە سەر سەرۆکی پارتی دیمۆکراتی کوردستان ئاشکرا کرد.

یوسف محەمەد لە نووسینێکدا لە ساڵیادی ڕێگری لە گەڕانەوەی بۆ پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند کە ڕووداوی ڕێگری لێکردنمان بۆ ئێمە پێشبینیکراو بوو، چونکە ئەو ڕۆژەی بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان هەڵبژێردراین، بڕیارمان دابوو نەچینە ژێر باری هیچ کارێک کە ڕێی چوونە ناو خەڵکمان لێبگریت، هەر بۆیەش ئاسایی بوو بە لامانەوە ڕێی چوونە پەرلەمانمان لێبگرن چوونکە ئەوان نەیانتوانی ڕێی چوونە ناو خەڵکمان لێبگرن.

ڕاشیگەیاند کە ئەوان بە هێزی چەکدار ڕێی پەرلەمانیان لە ئێمە گرت و ئێمەش بە هاوکاری ڕەوەندی کوردی لە ڕێی هەڵمەتێکی دیپلۆماسییەوە ڕێی ئەورووپامان لێگرتن و دوا جاریش لە ڕێی داوایەکەوە لە دادگای باڵای فیدراڵی درێژکردنەوەی ناشەرعی پەرلەمانمان لێهەڵوەشاندنەوە. ئەگەر داخستنی پەرلەمان لە 12 ی ئۆکتۆبەری 2015 داخستنی دەرگا بە ڕووی هەر جۆرە چاکسازییەک لە ڕژێمی حکومڕانی پاش ڕاپەڕین بوو، ئەوا داخستنی پەرلەمان بە بڕیارێک لە 30 ی ئایاری 2023 بە مانای کۆتایی هاتنی شەرعییەتی کۆی ئەو ڕژێمە حکومڕانییە و پێویستی هێنانەکایەی سیستەمێکی حکومڕانی دیمۆکراسی و سەردەمیانە بووە.