یوسف محەمەد: بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی جێبەجێ دەکرێت

سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاندووە کە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی عێراق یەکلاکەرەوەیە و هەر دەبێت جێبەجێ بکرێت.

یوسف محەمەد ڕایگەیاندووە کە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ئەگەر و نەگەردایە و ڕەنگە لە مانگی ئەیلول یان تشرینی یەکەمی ئەمساڵ بکرێت، هەروەها ئەگەری بەڕێوەنەچوونیشی هەیە.

ڕاشیگەیاندووە کە شێوازی هەڵەی حکومڕانی هەرێم وایکردووە کە لە ساڵی 2017 ەوە تا ئێستا ناوچە جێناکۆکەکانی لە دەستی کورد دەرهێناوە.

یوسف محەمەد ڕایگەیاندووە کە بۆ مانەوەی حکومەتی هەرێم دەبێت بیر لە شێوازێکی نوێی حکومڕانی بکرێتەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە کە دەسەڵاتدارانی هەرێم ئامادە نەبوون واز لە هەژموونی خۆیان لە نێو هێزە ئەمنییەکان بێنن.