گۆڕان و دۆڕانی دووبارە

گۆڕان، بزوتنەوەیەک کە بە ئامانجی گۆڕانکاری لە سیستەمی حکومڕانی هەرێمی کوردستان پێی نایە سیاسەتکردن و حزبایەتییەوە، ئێستا خۆی ڕزگارگەرێکی دەوێت بەرەو گۆڕانکاریی ببات.

لە پاش مردنی نەوشیروان مستەفا، گۆڕانخوازەکان بوونە بەرژەوەندیخواز و بە پارە و دۆلارەکانی پارتی، ئامانج و سیاسەتی گۆڕانیان بە لاوە نا و مستەفای سەید قادر وەک نوێنەری پارتی لە ناو بزوتنەوەی گۆڕاندا هەڵبژێردرا.

گۆڕانخوازەکان کە کورسی و پارە و پۆستەکانیان بەریان نادات، پشتیان لەو ئامانجانە کردووە کە لە کاتی دامەزراندنی بزوتنەوەکە لە لایەن نەوشیروان مستەفاوە بۆ ڕای گشتی کوردستان خرانە ڕوو.

ژمارەیەک لە سەرکردە باڵاکانی گۆڕان کە دژایەتی پارتی دەکەن، دژی ئەم سیاسەتەی بزوتنەوەکە وەستاونەتەوە و وەک تۆراوەکانی گۆڕان ناوبانگیان دەرکردووە.

لە ماوەی ڕابردوودا دانوستانی نێوان سەرکردەکانی گۆڕان و ناڕازییەکان دەستیپێکرد و هەوڵی گەڕانەوەی ئەوان دەدرا بەڵام کۆتا کۆبوونەوەی هاوبەشی پارتی و گۆڕان ئەو هەوڵانەی لە بار برد.

سەرکردە ناڕازییەکانی گۆڕان ڕایانگەیاندووە کە ئەم بزوتنەوە لە بەرامبەر پۆست و پارە بووەتە دارەدەستی پارتی و بارزانییەکان و سیاسەتێکی سەربەخۆی نییە، هەر بۆیە ڕایانگەیاندووە کە وازیان لە گەڕانەوە بۆ ناو گۆڕان هێناوە.

سەرکردە ناڕازییەکانی گۆڕان ڕایانگەیاندووە کە ڕاگەێندراوەکەی پاش کۆبوونەوەی پارتی و ئەم بزوتنەوەیە و دەربڕینی پشتیوانی بۆ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان باشترین بەڵگەیە لە سەر ئەوەی کە بزوتنەوەی گۆڕان لە خەڵک دوور کەوتووەتەوە و ناتوانێت خەڵک و لایەنگران ئاشت بکاتەوە.