گۆڕان هەڵناسێتەوە

پاش شکستە بەردەوامەکانی بزوتنەوەی گۆڕان بە تایبەت لە هەڵبژاردنەکانی 2021 پەرلەمانیی عێراق کە تەنانەت یەک کورسیشی نەهێنا و بووە هۆکاری ناکۆکییەکی زۆری ناوخۆیی لە ناو ئەم بزوتنەوەیە، سەرکردە و ئەندامە باڵاکانی بەردەوام باس لە هەستانەوە دەکەن.

گۆڕانخوازەکانی دوێنێ و بەرژەوەندیخوازەکانی ئەمڕۆ بە مەبەستی هەستانەوەی بزوتنەوەکە باس لە ئاشتەوایی ناوخۆیی دەکەن، لێژنەی باڵایان پێکهێناوە و هەوڵ دەدەن ناڕازییەکان و تۆراوەکان ئاشت بکەنەوە.

بە پێی ئەو دەنگانەی کە لە ناو بزوتنەوەی گۆڕانەوە دەبیسترێت، هەموو ئەو هەوڵانە شکستیان هێناوە و هیوایەک بە هەستانەوەی نییە.

لە پێناو هەستانەوەی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ بەرژەوەندی کەسی، چیا نەوشیروان مستەفا پرۆژەیەکی پێشکەش کردووە، پرۆژەکە لە لایەن چەندین سەرکردەی دیکەوە پشتیوانی دەکرێت و ناکۆکی توندی خستووەتە نێوان چیا نەوشیروان و عومەری سەید عەلی.

پرۆژەکە لە لایەن چەندین هەڵسووڕاوی پێشووتری گۆڕان بە تایبەت عەبدوڵڵا مەلا نوری، برزو مەجید و کاوە محەممەد لە گەڵ ژمارەیەک سەرکردە و بە هاوکاری چیا نەوشیروان مستەفا ئامادە و پێشکەش کراوە و ناکۆکی توندی خستووەتە نێوان بزوتنەوەکە بە تایبەت لە نێوان چیا نەوشیروان و عومەر سەید عەلی ڕێکخەری پێشووی بزوتنەوەی گۆڕان و ئەوان بە تەواوی پرۆژەکەیان ڕەتکردووەتەوە.

ناوەڕۆکی پرۆژەکە تایبەتە بە درووستکردنی دەستەیەکی باڵای کاتی بە تەواوی دەسەڵاتەوە بۆ گۆڕانکارییەکانی ناو بزوتنەوەکە و دانانی سیاسەتی نوێ کە تەواوی سەرکردەکانی ئێستای گۆڕان دەخاتە ماڵەوە دواتر دەستەکە بڕیار لە سەر چارەنووسیان دەدات.

ناوەڕۆکی پرۆژەکە کە بووەتە هۆکاری ناکۆکی لە نێوان سەرکردە کۆن و نوێیەکان و چیا نەوشیروان مستەفاش پشتیوانی دەکات، پرسی ڕێکخەری گشتیی یەکلایی نەکردووەتەوە، لە گەڵ ئەوەشدا لە پرۆژەکە داوا دەکرێت گەرەنتی یاسایی وەربگیرێت بە مەبەستی بەکارهێنانی گردی زەرگەتە لە لایەن بزوتنەوەی گۆڕانەوە.

لە گەڵ ئەوەی تا ئێستا پرۆژە نوێیەکەی بزوتنەوەی گۆڕان بە تەواوی سەرکەوتوو نەبووە، بەڵام ژمارەیەک لە سەرکردەکانی پێشووتری خانەی ڕاپەڕاندن و جڤاتی نیشتمانی و گشتی و عومەری سەید عەلی ڕەتیدەکەنەوە و لەو بڕوایەدان کە بە ئاراستەی دەرکردنی ئەوانە و لە بەر ئەوەشە کە عومەری سەید عەلی بە هۆی ناکۆکییەکانی لە گەڵ چیا نەوشیروان مستەفا و پرۆژە نوێیەکە هەرێمی کوردستانی بە جێهێشتووە.