گۆڕان شەڕی دژ بە حکومەتی هەرێمی ڕاگەیاند

میدیای بزوتنەوەی گۆڕان لە ڕاپۆرتێکدا بە توندی هێرشی کردووەتە سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان.

کەناڵی KNN کە میدیای بزوتنەوەی گۆڕانە، بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی بە عیناد و لووتبەرز ناو بردووە.

لە ڕاپۆرتێکدا تایبەت بە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم و پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا، ئەو کەناڵەی گۆڕان حکومەتی هەرێمی بە پێنەدانی سێ مووچەی دیکەی فەرانبەران تۆمەتبار کرد. ئەمەش لە کاتێکدایە کە وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم لای بزوتنەوەی گۆڕانە.

لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە ئەمە دەرەنجامی عینادی سیاسی و لووتبەری حکومڕانییەکە کە لە جەواڵی کۆنە حکومڕانێکی دیکەوە هاتووە.

کەناڵەکەی گۆڕان هەروەها حکومەتی هەرێمی بەوە تۆمەتبار کردووە کە هیچ پلانێکی دارایی بۆ ساڵی 2024 نییە.