گۆڕان: بوونمان لە کابینەکەی مەسرور بارزانی هەڵە بووە

بەرپرسێکی بزوتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاندووە کە بەشداریکردنی ئەم بزوتنەوەیە لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی هەڵەیەکی گەورە بووە.

نزار مەحمود ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان بانگەشەی ئەوەیکردووە کە ئەم بزوتنەوەیە خەریکی خۆئامادەکردنە بۆ هەڵبژاردنەکانی کوردستان. ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2021 ی عێراق، بزوتنەوەی گۆڕان تەناەت یەک کورسی نەهێنا.

ئاماژەی بەوەشکردووە کە گۆڕان پاش 5 ساڵ بەشداری لە کابینەکەی حکومەتی هەرێم بەشێک لە پۆستەکانی وەرنەگرتووە، یەکێک لەوانەش پۆستی یاریدەدەری سەرۆکی حکومەت بۆ چاکسازی بووە و ئەمەش وایکردووە کە نەتوانرێت بەرنامەی چاکسازی لە حکومەتدا جێبەجێ بکرێت.

ئەندامان و لایەنگرانی بزوتنەوەی گۆڕان لەوەی کە ئەم بزوتنەوەیە بووەتە دارەدەستی پارتی و مەسرور بارزانی بە تایبەت لە لایەن مستەفا سەید قادرەوە، توڕەبوونی خۆیان نەشاردووەتەوە و لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی 2021 سزای سەرکردەکانیان دا و بە دڵنیاییەوە کە لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی داهاتووی هەرێمیش ئەو بارودۆخە دووبارە دەبێتەوە.