گۆڕانی سەرلێشێواو

دوای زیاتر لە مانگێک لە ڕاگەیاندنی دەستلەکارکێشانەوە، وەزیرەکانی بزوتنەوەی گۆڕان لەکارکردن بەردەوامن، ڕێکخەری ژوری حکومەتی بزوتنەوەکە دەڵێت، تا پەسەندکردنی دەستلەکارکێشانەوەکانیان بەردەوام دەبن.

دوای 38 ڕۆژ لە ڕاگەیاندنی کشانەوە لە حکومەت تا ئێستا وەزیرەکانی گۆڕان بەردەوامن لە کارکردن و دەستیان لە کارەکانیان هەڵنەگرتووە.

بزوتنەوەی گۆڕان لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەزارەتەکانی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، بازرگانی و پیشەسازی، دارایی و جێگرێکی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیشی بە دەستەوەیە.

سێ وەزیری گۆڕان ئامادەییان بۆ دەستلەکارکێشانەوە دەربڕیووە و بەوتەی خۆیان نامەی دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکەشکردووە، بەڵام دەستیان لە کار هەڵنەگرتووە.

کاوە عەبدوڵا، ڕێکخەری ژووری حکومەتی بزوتنەوەی گۆڕان ڕاگەیاند، وەزیرەکانیان بەردەوامن لە کارکردن و چاوەڕوانی پەسەندکردنی دەستلەکارکێشانەوەن.

سیناریۆیی جیاواز لەبارەی دەستلەکارکێشانەوەی سێ وەزیرەکەی گۆڕانەوە باس دەکرێت، یەکێک لە سیناریۆکان پەسەندنەکردنی دەستلەکارکێشانەوەیانە تا لەکارکردن بەردەوام بن.

ڕێکخەری ژووری حکومەتی بزوتنەوەی گۆڕان لەبارەی ئەو سیناریۆیەوە وتی، تا ئێستا باسمان نەکردووە، ئەگەر دەستلەکارکێشانەوەکان پەسەند نەکرێت چی بکەین.

ئێستا تەنیا ئەم سێ وەزیرەی گۆڕان نین کە وێڕای پێشکەشکردنی نامەی دەستلەکارکێشانەوە لە کارکردن بەردەوام بن، بەڵکو تەواوی ئەو کەسانەی لە پشکی بزوتنەوەکە یپۆستیان وەرگرتووە و داوای دەستلەکارکێشانەوەیان کردووە، تائێستا لەکاکردن بەردەوامن.

پێشتر، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندبوو، دەست لەکارکێشانەوە ناکاتە ئەوەی بچیتەوە ماڵەوە، بەڵکو دەبێت دەورە و تەسلیم بکەیت و کەسێک بێتە جێگەکەت ئیش و کارەکان ڕایی بکات.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكردبوو، وەزارەتی دارایی گرێدراوە بە ژیانی خەڵکەوە و ناچم کێشە بۆ ژیانی خەڵک درووست بکەم، ناشکرێت بە بێ وەرگرتنی ئەستۆپاکی وەزارەت جێبهێڵرێت.