گۆڕان، بزوتنەوەیەکی بێ ناوەڕۆکە

ئەو بزوتنەوەیەی کە بانگەشەی گۆڕینی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستانی دەکرد، ئێستا یەکێکی دەوێت خۆی بگۆڕێت. غالب محەمەد کە پێشتر بە ناوی گۆڕانەوە ئەندامی پەرلەمانی عێراق بووە، دەڵێت گۆڕان بەس ناوەکەی ماوە و ناوەڕۆکی نەماوە.

غالب محەمەد پەرلەمانتاری پێشووی عێراق لە بزوتنەوەی گۆڕان بە توندی ڕەخنە لە بزوتنەوەکە دەگرێت و دەڵێت هیچ بە سەر هیچەوە نەماوە و ببێت بە هەر چی، کاریگەری و ڕۆڵی نابێت.

ناوبراو ڕایگەیاندووە کە وەزیرەکانی ئێستای گۆڕان لە کابینەکەی مەسرور بارزانی لە پارتی پارتیترن و هەموویان مەلەفیان هەیە و ناوێرن هیچ بکەن و تەنیا لە لایەن پارتییەوە بەکار دێن.

غالب محەمەد وتی کە وەزیرێکی پارتی بە شەرمەوە باسی کابینەکەی مەسرور بارزانی دەکات بەڵام وەزیرەکانی گۆڕان لە بەر لاوازبوون و هەبوونی مەلەفی جۆربەجۆر، بە شانازییەوە بەرگری لە کابینەکەی حکومەتی هەرێم دەکەن.

ڕاشیگەیاندووە کە وەزیرەکانی گۆڕان قەد توانای ئەوەیان نەبووە کە تەنانەت یەک جار دەنگیان لە بەردەم مەسرور بارزانی بەرز بکەنەوە، نەک ئەوەی کە داوای مافەکانی خەڵکی سلێمانی و ناوچەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین بکەن.

پەرلەمانتارە پێشووەکەی عێراق وتی کە ئەمانە هەموویان فەرمانبەر بوون و وەزیر نەبوون و هیچ بە دەست بوون، بەڵام لە بەر بەرژەوەندی خۆیان ئێستا هاتوونەتە شان و باڵی مەسرور بارزانیدا.

غالب محەمەد وتی کە مەسرور بارزانی خۆی دەزانێت فەشەلی هێناوە بەڵام وەزیرەکانی گۆڕان وازی لێناهێنن و دەڵێن تۆ زۆر سەرکەوتوو بوویت.