گاڵتەکردن بە دیمۆکراسی

لە هەر وڵاتیکی جیهان ئەوەی بانگەشەی دیمۆکراسی دەکات، هەڵبژاردنەکان وەک ئامرازی گۆڕینی دەسەڵات سەیر دەکرێت بەڵام لە هەرێمی کوردستان 32 ساڵە هەڵبژاردنەکان تەنیا دووبارەکردنەوەی حوکمڕانیی بارزانییەکانە و هیچ کات ویست و داواکاری خەڵکی تێدا وێنا نەکراوە.

پارتی دیمۆکراتی کوردستان بە هۆی داگیرکاری تورکیا و هاوکاریکردنی ئەو وڵاتە لە دژی پەکەکە و خەڵکی هەرێمی کوردستانەوە دیمەنێکی نەشیاوی بەرچاوی خەڵکە. هاوکات ئەزموونی چەندین کابینەی حکومەتی هەرێم بە سەرۆکایەتی بارزانییەکان وایکردووە کە ناڕەزایەتییەکانی خەڵک بەرامبەر بەم حیزب و بنەماڵەیە بگاتە لوتکە.

لەم خولەی هەڵبژاردنەکانیشدا بە هۆی نەبوونی کورسی کۆتاکان و دابەشکردنی کوردستان بۆ سەر چوار بازنەی هەڵبژاردنەکان و بوونی چەندین حیزب و لایەنی دیکە، پێشبینی دەکرا دەنگەکانی پارتی دابەزێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە ناکۆکییە ناوخۆییەکانی پارتی بەردەوام بووە و لە کۆنگرەی 14 ی ئەم حیزبە بە دواوە مەسرور بارزانی بە هەموو شێوەیەک نێچیرڤان بارزانیی پەراوێز خستووە.

بەڵام کە هەڵبژاردن دەکرێت بە پێچەوانەی هەموو شرۆڤە و پێشبینییەکانەوە پارتی دەبێتەوە بە لایەنی یەکەم و زۆرترین ژمارەی کورسیی بە دەست هێناوە. ئایا ئەمە دیمۆکراسییە یان گاڵتەجاڕییە بە دەنگی خەڵک؟ هەڵبژاردنەکان لە هەرێمی کوردستان تەنیا شەرعییەتدانە بە حوکمڕانیی بارزانییەکان و هیچ واتایەکی دیکەی نییە.