کەناڵەکەی جەنابی سەرۆک و کەڕ و کوێربوون لە بەرامبەر تورکیا
تورکیا دەیان ساڵە لە هەرێمی کوردستان داگیرکاری دەکات. دەیان بنکەی سەربازی و هەزاران سەرباز و جۆرەها چەکی قورسی جێگیر کردووە. داگیرکاریی تورکیا بووەتە هۆی چۆڵکردنی سەدان گوند و ئاوارەبوونی دانیشتوانەکەی. هەروەها ئەم داگیرکارییە بە ملیۆنان دۆلار زیانی مادیشی بە دواوە بووە، وێرای ئەمەش تا ئێستا بە هۆی بۆردومانەکانەکانی سوپای تورکیاوە سەدان کەس لە هەرێمی کوردستان بوونەتە قوربانی بەڵام میدیاکەی مەسرور بارزانی خۆیی کوێر و کەڕ کردووە و بە تەنیا وشەیەک باسی ناکات.
بەڵام حەشدی شەعبی هێزێکی هێنایە سنوری گەرمیان و یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش ئاگاداری هاتنی ئەو هێزە نەبووە و هێزەکە عێراقی و یاسایی و بۆ شەڕی دژ بە پاشماوەکانی داعش هاتبووە ناوچەکە، کەچی کوردستان 24 بە بڕینی بەرنامە ئاساییەکانی، کردیە ڕووماڵی تایبەت و یەکسەر چەواشەکارییەکانی بە مەبەستی بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی دەستپێکرد.
جیاوازی نێوان ئەم دوو کردەوەی کەناڵەکەی سەرۆکی حکومەت چییە؟ ئایا خەڵک لەم چەواشەکارییە تێناگەن؟ تورکیا دهۆک و چەند ناوچەیەکی هەولێر و تەنانەت بارزان مەڵبەندی سەرەکی بنەماڵەی بارزانیی داگیر کردووە، کەچی کەناڵەکەی مەسرور بارزانی تەنانەت بەرگریشی لێدەکات، بەڵام کە فیشەکێک لە سلێمانی بتەقێتەوە، یەکسەر دەیکەنە شەڕی سێهەمی جیهانی.