کەرتی پەروەردەی پەکخراوی هەرێمی کوردستان
لە کەرتی پەروەردەدا مامۆستایان گرنگترین بەشن، ئەوانن کە قوتابییەکان بۆ دواڕۆژی کۆمەڵگە پەروردە و ئامادە دەکەن. گەورە فەیلەسووفێک ڕایگەیاندووە کە ئەگەر مامۆستای باش و بەئەزموون لە کەرتی پەروەردەدا نەبێت کۆمەڵگە ڕوبەڕوی شکست دەبێتەوە.
لە کەرتی پەروەردەدا ڕۆڵی هێزی مرۆیی بە گرنگ و کاریگەر دادەنرێت و لەمەشدا ڕۆڵی مامۆستایان بە گرنگتر دادەنرێت. مامۆستایان لە فێرکردنی قوتابییەکاندا ئەوەیان لە ئەستۆیە کە لە بوارە جیاجیاکاندا بۆ دواڕۆژی کۆمەڵگەکەیان ئامادە بکەن. دەتوانین بڵێین کە هەستیارترین و گرنگترین ڕۆڵیان لە ئەستۆ گرتووە.
بەم ڕۆڵە گرنگەوە وڵاتانی جیهان گرنگییەکی زۆر بە کەرتی پەروەردە و بە تایبەت مامۆستایان دەدەن. لە زۆربەی وڵاتانی جیهان بە تایبەت وڵاتانی پێشکەوتوو، مامۆستایان ڕێز و پێگەیەکی باڵایان هەیە. ئەوان باشترین مووچە و ئیمتیاز وەردەگرن، لە کۆمەڵگەدا ڕێز و خۆشەویستییەکی زۆریان هەیە.
سەیری هەرێمی کوردستان بکەن، حکومەت مووچە بە مامۆستایان نادات، کەرتی پەروەردە پەکخراوە و بە هۆی بایکۆتی مامۆستایانەوە لە بەشێکی زۆری کوردستان هێشتا دەرگای قوتابخانەکان نەکراوەتەوە.
بەرپرسانی باڵای هەرێم هیچ لە خەمی کێشە و بژێوی ژیانی مامۆستایاندا نین و تا ئێستا هیچ هەوڵێکیان لە پێناو دابەشکردنی مووچەی ئەواندا نەبووە. کۆمەڵگەیەک بەم حکومەتە کەمتەرخەمەوە دەبێت دواڕۆژی چۆن بێت؟