کەجەکە: تورکیا لە ڕێی بنەماڵەی بارزانییەوە هەوڵی داگیرکردنی کەرکوک دەدات

کەجەکە ڕایگەیاندووە کە تورکیا لە ڕێگەی پارتی و بنەماڵەی بارزانییەوە هەوڵی داگیرکردنی کەرکوک دەدات.

کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کەجەکە لە سەر ڕووداوەکانی کەرکوک ڕایگەیاندووە کە ئەم ڕووداوانە خۆڕسک نییە بەڵکوو ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە سەردانەکەی هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ بەغدا و هەولێرەوە هەیە و لێدوانەکانی دواتری ئەردۆغانیش، نیاز و چاوەڕوانییەکانی حکومەتی تورکیا لە کەرکوک دەردەخەن.

کەجەکە ڕایگەیاندووە کە لە کەرکوک تەواوی پێکهاتەکان سەدان ساڵە پێکەوە دەژین بەڵام ئەردۆغان و هاکان فیدان ئەم شارەیان تەنیا بە شوێنی نیشتەجێبوونی تورکمانەکان ناو بردووە.

ڕاشیگەیاندووە کە تورکیا دەیەوێت پارتی و بنەماڵەی بارزانی بەکار بێنێت بۆ داگیرکردنی کەرکوک و کردنەوەی ناوەندێکی سیخوڕیی میت و درێژەدان بە داگیرکردنی کوردستان.

کەجەکە هەروەها ڕایگەیاندووە کە بەرەی تورکمانی و پارتی ڕاستەوخۆ لە گەڵ میت کار دەکەن و هەوڵ دەدەن ڕەوایەتی بدەنە دیکتاتۆریەتی ئەردۆغان و حکومەتی تورکیا کە لای گەلانی عێراق و حکومەتی بەغدا بێ نرخە.