کێ هەولێری پاراست؟

ساڵیادی گرتنی مەخمورە لە لایەن داعشەوە و ئەو مەترسییەی کە لە سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان و ناوەندی دەسەڵاتی پارتی و بارزانییەکان درووست بوو، ئەو شەوەی کە مەخمور لە لایەن داعشەوە کۆنتڕۆڵ کرا لە هەولێر چی ڕوویدا؟

شەوی گرتنی مەخمور لە سەری ڕەش گرژی و شڵەژاوییەک بە سەرکردایەتی پارتییەوە بینرا. مەسعود بارزانی لە هەڵهاتنی هێزەکانی پارتی بە فەرماندەیی سیروان بارزانی زۆر توڕە بوو و پێی وا بوو کە نەدەبوو پێشمەرگە بەو جۆرە لە بەرەکانی شەڕدا پاشەکشە بکات. بارزانی ڕایگەیاندبوو کە هیچ نەماوە بۆ پێشمەرگەی نەکات و چاوەڕوانی ئەو شکست و پاشەکشەیە نەبووە. مەلا بەختیار ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندیی یەکێتی ئەمەی گێڕاوەتەوە.

پاش کۆنتڕۆڵکردنی موسڵ و ناوچەکانی دیکەی عێراق و ڕادەستکردنی شەنگال لە لایەن هێزەکانی پارتی دیمۆکراتی کوردستانەوە، پاش سێ ڕۆژ مەخموریش لە لایەن هێزەکانی داعشەوە کۆنتڕۆڵ کرا کە ئەو کات سیروان بارزانی سەرپەرشتی ناوچەکەی دەکرد. ئەمەش لە کاتێکدایە کە پێشتر هۆشداری لە هاتنی داعش و گەیشتنی بە مەخمور و پێویستی ئامادەکاری درابوو.

گرتنی مەخمور لە لایەن داعشەوە جیاوازییەکی زۆری لە گەڵ گرتنی موسڵ و شەنگال هەبوو و ڕاستەوخۆ هەولێر کەوتە ژێر مەترسی هێرشەکانی ئەو گرووپەوە. لە بەر ئەوەی کە لە چەند ڕۆژ پێش ئەوەش هێزەکانی پارتی بە بێ بەرگری و تەقەکردن شەنگالیان ڕادەستی تیرۆریستانی داعش کردبوو، دانیشتووانی هەولێر متمانەیان بە هێزەکانی ئەو حیزبە نەمابوو و ئەمەش وایکرد کە پۆل پۆل خەڵک شارەکەیان چۆڵ کرد و بەرەو ناوچەکانی دیکە ڕۆیشتن.

پاش ئەو دۆخە نائاساییەی شاری هەولێر و لە کاتێکدا کە مەسعود بارزانی بە ناچاری لە ڕێگەی پەیوەندییەکی تەلەفوونی بە مەلا بەختیارەوە هێزەکانی دژە تیرۆری یەکێتی نیشتمانی کوردستانی بۆ شەڕی مەخمور بانگهێشت کرد، هەر بە تەلەفوونەکەی داوای هاوکاریی لە ئەمریکییەکان، ئەورووپییەکان و تەنانەت وڵاتانی عەرەبی ناوچەکەش کرد بەڵام وەڵامیان نەبوو و هیچ گرنگییان بە مەترسییەکانی سەر شاری هەولێر نەدا.

سەرۆکی ئەو کاتەی هەرێم لە ناکاو پەیوەندی بە فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێرانەوە کرد و شرۆڤەی دۆخی هەولێری بۆ قاسم سولەیمانی کرد. بارزانی بە سولەیمانیی ڕاگەیاندبوو کە هەولێر لە ژێر مەترسیدایە و ئەگەری گەیشتنی داعش بۆ شارەکە لە ئارادایە.

قاسم سولەیمانی پێی ڕاگەیاندبوو کە کاک مەسعود تا بەیانی شارەکە ڕابگرە ئەوا هاوکارییەکانی ئێرانیش دەگات. مەسعود بارزانی لە وەڵامدا ڕایگەیاندبوو کە حاجی بەیانی زۆر درەنگە، هەولێر لە مەترسیدایە، هەر ئێستا وەرن.

فەرماندەی ئەو کاتەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران بە مەسعود بارزانیی ڕاگەیاندبوو کە نوێژی بەیانی دێنێتە هەولێر، ئەوە بوو کە خۆی و 70 کەس لە هێزە تایبەتەکانی و دوو فڕۆکە چەک و تەقەمەنیی گەیاندە هەولێر و بەشدارییان لە شەڕی مەخموردا کرد.

بە هاتنی سولەیمانی و هێزەکانی ئێران ورەی هێزە کوردییەکان بەرز کرایەوە و ئاراستەی شەڕەکە بەرەو پاشەکشەی داعش گۆڕدرا.

بەو جۆرەش مەخمور بە هاوکاری ڕاستەوخۆی ئێرانییەکان و بوونی هێزەکانی یەکێتی ئازاد کرا و مەترسییەکە لە سەر هەولێری پایتەختی کوردستان و ناوەندی دەسەڵاتی بارزانییەکان نەما و حاجییە ئێرانییەکە ئەوەی بۆ مێژوو هێشتەوە کە خەڵک بزانن کێ هەولێری پاراست؟؟