کێ فریادڕەسە، بارزانییەکان یان سەرۆکی دادگای فیدراڵی؟

بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق ڕاستییەکی زۆر گرنگی ئاشکرا کردووە و ڕایگەیاندووە کە “ خوا خێری دادگای فیدراڵی بنووسێت، دەبێت دۆعایان بۆ بکەین و بڵێین خوا تەمەنی سەرۆکی دادگای درێژ بکات، چونکە ئەوەی بۆ ئێمەی کرد ئەگەر کوردێک لەوێ دەبوو، لە ترسا نەیدەوێرا ئەوە بکات “.

ئەم لێدوانەی فازڵ نەبی هەڵگری پەیامێکی زۆر گرنگە کە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان ئیرادەی پێویستیان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی موچەی فەرمانبەران و خانەنشینان نەبووە و ئەوە لە بەغدا و لای سەرکردە عێراقییەکان بووە کە ئەم کێشە و قەیرانە چەندین ساڵەیە چارەسەر کراوە.

هەروەها ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە نوێنەران و بەرپرسانی کورد لە بەغدا هیچ هەوڵ و هەنگاوێکیان بە ئاراستەی چارەسەرکردنی کێشەکانی خەڵکدا نەبووە و ئەوەی لە بەغدا دەیکەن تەنیا شەڕی حزبایەتی و بەرگرییە لە بەرژەوەندی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان.

کورد لە بەغدا سەرۆک کۆمار، وەزیری دەرەوە و هەندێک کات وەزیری دارایی، چەندین وەزارەتی دیکە و دەیان ئەندام پەرلەمانی هەبووە بەڵام هیچ کێشەیەکی بنەڕەتیی چارەسەر نەبووە.

چەندین ساڵە قەیرانی موچە بەرۆکی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستانی گرتووە و حکومەتە خۆماڵییەکە لە جێی چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە و بە هۆی تاڵانکردنی داهاتە نەوتی و نانەوتییەکانەوە توانای دابەشکردنی موچەی نەبووە و پەنای بردووەتە لێبڕین و پاشەکەوت و دواخستنی موچە، ئەمەش کاتێک گەیشتە بنبەست، شەڕە موچەی بردە بەغدا و ویستی ئەوەی هەبوو بودجەیەک لە بەغداوە بۆ دابەشکردنی موچە دابین بکات بەڵام دەسەڵاتدارانی بەغدا بە شێوازی بنەڕەتی لە هەوڵی چارەسەرکردنی قەیران و کێشەکەدا بوون.

پاش شکستە مێژووییەکەی حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتی بارزانییەکان، دادگای فیدراڵی بڕیارە گرنگەکەی لە پێناو گەڕانەوەی مافی موچەخۆرانی کورد دەرکرد کە موچەکەیان دەبێت مانگانە لە لایەن بەغداوە و لە ڕێگەی بانکە عێراقییەکانەوە دابەش بکرێت. مەسرور بارزانی دواتر پرۆژەی هەژماری منی هێنایە پێشەوە بەڵام سودی نەبوو. بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بووە فریادڕەسی خەڵک بە تایبەت موچەخۆران و بووە بەڵگەی سەلماندنی شکستی دەسەڵاتی بارزانییەکان لە هەرێمی کوردستان.