کێ ستەم لە هاوڵاتیانی هەرێم دەکات، حکومەتەکەی مەسرور بارزانی یان بەغدا؟

تۆمەتبار کردنی حکومەتی ناوەندیی عێراق بەوەی کە بە نەناردنی مووچە، ستەم لە مووچەخۆرانی هەرێم دەکات لە لایەن وتەبێژەکەی مەسرور بارزانییەوە لە کاتێک دایە کە هۆکاری سەرەکی کێشەی مووچە نەناردنی لیستی تەواو بە تایبەت لیستی موچەخۆرانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان لە لایەن حکومەتی هەرێمە بۆ بەغدا.

پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پەراوێزی ئاهەنگی دەرچوونی زانكۆی كوردستان لە دهۆك بۆ میدیاكان ڕایگەیاند: دڵنیایی دەدەینە خەڵكی هەرێمی كوردستان، ئەوەی دەستوور دیاریكردووە ئێمە جێبەجێمان كردووە و هیچ كۆسپێك لەلایەنی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە نییە لە پرسی مووچە.

ئەمە لە کاتێک دایە کە بە گوتەی بەرپرسانی بەغدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ یەک لە بەڵێنەکانی لە ناردنی داهاتی ناوخۆ جێبەجێ نەکردووە و چارەنووسی قاچاخی ڕۆژانەی زیاتر لە ٣٥٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژدا نادیارە و تەنانەت ئامادەنەبووە لیستی موچەخۆرانی سەربازیی ە هەوڵگریی بنێرێت و لیستی موچەخۆرانی دیکەشی تا ئێستا بە تەواوەتی نەناردووە بۆ وەزارەتی دارایی عێراق.

وتەبێژی مەسرور بارزانی سەرەڕای ئەم هەموو ڕاستیە سەلمێنراوانە، ڕایگەیاندووە؛ دواكەوتنی ناردنی مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكان ستەمە و هیچ ڕەوایەتییەكی تێدا نییە، دەبوو مووچەخۆران پێش جەژنی قوربان چاوەڕێی مووچەیەكی دیكە بوونایە. ئەمە لە کاتێکدایە کە بەرپرسی یەکەم و دوایی ئەم پرسە، خودی حکومەتی هەرێم و بەرپرسانیەتی.

هەورامانی لەبارەی دانوستانەکانی هەولێر و بەغدا ڕایگەیاند؛ دەرئەنجامی كۆبوونەوەكانی سەرۆكوەزیران لە بەغدا زۆر باش بووە و لێكتێگەیشتنی باش هەبووە و هەرێمی كوردستانیش هەمیشە بۆ گفتوگۆ ئامادەبووە، بەڵام تاوەكو ئێستا چاوەڕێی ناردنی مووچەی هێزە ئەمنییەكان و مووچەی مانگی ئایاری مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانین.

لە کۆتایی دا بۆ ڕوون بوونەوە بابەتی پرسی مووچە ئەم وتەیەی ڕێبوار کەریم وەلی زۆر گونجاوە؛ هەرێم هیچ کێشەیەکی سیاسیی لەگەڵ بەغدادا، نییە تا تێکەڵی موچە بکرێ. یەک کێشەی هەیە ئەویش سیاسەتی موچەیە!