کێ بەرپرسەکەی پێشووی پاراستنی کوشتووە؟
کوژرانی محەمەد میرزا بەرپرسی پێشووی پاراستنی زاخۆ هەندێک گومانی بە دوای خۆیدا هێناوە. پاش چەند ڕۆژ لەو ڕووداوە باس لەوە دەکرێت کە ڕەنگە کوژرانی ناوبراو بە هۆی کێشە ناوخۆییەکانی ناو دەزگای پاراستنەوە بێت.
محەممەد میرزا سندی 12 ساڵ بەر لە ئێستا و لە گەڵ دروستبوونی ئەنجومەنی ئاسایش، پۆستی بەرپرسیاریەتی دەزگای پاراستنی زاخۆی لێوەرگیراوەتەوە و ڕەوانەی ناوچەی باتوفا کرابوو بۆ بەڕێوەبردنی ئەرکێکی تایبەت. ناوچەی باتوفا بە هۆی بوونی چەکدارانی پەکەکەوە چەندین جار کەوتووەتە بەر هێرشی فڕۆکە شەڕەکەکانی تورکیا.
ناوبراو ماوەی 5 ساڵە خانەنشین کراوە و لە ماڵەوە دانیشتووە، بەر لە 2 ساڵیش لە لایەن دەزگای پاراستنەوە بۆ لێکۆڵینەوە بانگهێشت کرابوو.