کێشەکە بە نێچیریش چارەسەر نابێت

ئەیلولی 2017 پارتی و بارزانییەکان و ئەوانەی مووچەخۆری ئەم حیزب و بنەماڵەن، بەغدایان بە موفلیس ناو دەبرد، هەڕەشەی جیابوونەوەیان دەکرد، بەغدایان تەڵاق دەدا و بە گشتی بانگەشەی جیابوونەوەیان لە عێراق دەکرد، هەرچەندە دواتر ئاشکرا بوو کە ڕیفراندۆمەکەی بارزانی لە بنەڕەتدا بۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردی نەبووە و ئامانجی دیکەی لە پشتەوە بووە.

لەو سەردەمەدا هێڤیدار ئەحمەدی کۆنە پەیامنێری ڕووداو لە سەر شاشەی ئەم کەناڵە عێراقی تەڵاقدا و ڕایگەیاند پێکەوەبوونی هەولێر و بەغدا ئەستەمە و وەک دوو دراوسێ لێرە بە دوا پێکەوە دەبن.

2017 بە ڕووداوەکانی 16 ی ئۆکتۆبەری کەرکوک و کاریگەرییە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی کۆتایی هات، ساڵ بە ساڵ هەرێم لاوازتر بوو و دەسەڵاتی ناوەند بە سەر هەرێمدا زاڵ بوو. لەم ساڵانەدا بە هۆی شکستی سیاسەتی ئابوریی سەربەخۆ و دزی و گەندەڵی زۆر، حکومەتی هەرێم تووشی مایەپووچییەکی ڕاستەقینە بووە و مووچەی فەرمانبەرەکانی بۆ دابەش نەکراوە. هەر بە هۆی ئەم شکستەوە دۆسیەی نەوتی هەرێم لە ژێر دەستی هەولێر دەرهێنرا و حکومەتی ناوەندیی عێراق ئەوەشی کۆنتڕۆڵ کرد.

مەسرور بارزانی بۆ دەربازبوون لەم کێشە و قەیرانە، ڕووی کردە بەغدا و ڕێکەوتنی نەوت – بودجەی لە گەڵ محەمەد شیاع سودانی واژۆ کرد و کۆمەڵە مەرجێک بووە بەڵێنەکانی حکومەتی هەرێم بۆ ئەوەی کە حکومەتی عێراق پشکی بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ڕەوانە بکات.

یاسای بودجە خرایە بواری جێبەجێکردنەوە و دیسانەوە مەسرور بارزانی پابەندی مەرجە واژۆکراوەکانی نەبوو و سەرەڕای ئەو بانگەشەی کە دەیکات هیچ یەک لە پابەندبوونەکانی جێبەجێ نەکردووە. حکومەتی بەغداش ئەمەی دووپات کردووەتەوە کە تا جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی حکومەتی هەرێم، بە قەرز پارە ڕەوانەی هەولێر دەکات.

هەر شیکارێکی سیاسی یان تەنانەت خەڵکی ئاسایی دەزانێت کە کێشەی نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و پشکە بودجەکەی لە لایەن بەغداوە حکومەتەکەی مەسرور بارزانییە.

هێڤیدار ئەحمەد کە سەردەمێک بەغدای تەڵاق دەدا، ئێستا دەپاڕێتەوە کە نێچیرڤان بارزانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێم و ناوەند سەردانی بەغدا بکات. ئەو ڕایگەیاندووە کە کێشەکان بە سەرۆکی هەرێم چارەسەر دەبێت.

هەموو کەسێک لە کێشە ناوخۆییەکانی پارتی و پاوانخوازی مەسرور بارزانی و پەراوێزکەوتنی و لاوازبوونی ڕۆڵی نێچیرڤان بارزانی ئاگادارە و دەزانن کە لەو کاتەوە مەسرور بارزانی بووەتە سەرۆکی حکومەت، ئەو کاریگەرییەکی وەهای لە سەر سیاسەتی هەرێم نەماوە. ڕۆیشتنەکەی بۆ بەغدا تەنانەت ئەگەر دیسانەوە بگاتە ڕێکەوتنی نوێ یان لێک تێگەیشتن لە سەر هەمان ڕێکەوتنی پێشوو، چ سوودێکی دەبێت؟ تا ئەو کاتەی کە مەسرور بارزانی پابەندی بەڵێنەکانی حکومەتی هەرێم لە یاسای بودجەدا نەبێت، دەیانی وەک نێچیرڤان بارزانی سەردانی بەغدا بکەن، نابێتە چارەسەر.