کیلابی ژیانی لە سەرۆکە خۆڕاگرەکە تێکداوە

یوسف کیلابی بە مۆتەکەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی دەناسرێت. ئەو بەردەوام جوڵەکانی لە دژی مەسرور بارزانییە و ڕاشیگەیاندووە کە دەیەوێت لە دۆسیەی مووچەدا کار بۆ بەرژەوەندییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بکات.

کیلابی پشتیوانی لە داواکارییەکەی مووچەخۆرانی هەرێم دەکات بۆ دابەشکردنی ڕاستەوخۆی مووچە لە لایەن بەغداوە. ئەو لە نوێترین هەنگاویدا ڕایگەیاندووە کە دژی حکومەتی ناوەند و ناردنی 700 ملیار دینارەکە بۆ هەولێر سکاڵا لە دادگای دەستپاکی تۆمار دەکات.

یوسف کیلابی ئەندامی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند کە لە دادگای دەستپاکی سکاڵا لە دژی پێدانی قەرز بە هەرێمی کوردستان تۆمار دەکات. ئەو ڕایگەیاندووە کە سکاڵاکەی لە دژی ئەو بانکانەیە کە بە قەرز پارەیان بە حکومەتی هەرێمی کوردستان داوە.

ڕاشیگەیاندووە کە پاساوی سکاڵاکە ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان ئەو زانیارییە پێویستانەی ڕادەستی حکومەتی هەرێمی کوردستان نەکردووە کە پێویست بووە ڕادەستیان بکات بەرامبەر بە ناردنی ئەو بڕە پارەیە، بە تایبەت ژمارە و ناوی فەرمانبەرانی ڕاستەقینە.

ئەو پێشتریش لە پەرلەمانی عێراق گاڵتەی بەو مادانەی بودجە کرد کە لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان بووە و دواتریش لە سەر قسەکانی داوای لێبوردنی کرد.

کیلابی یەکێکە لەو پەرلەمانتارانەی کە داوایکردووە پارە بە دەستی حکومەتەکەی مەسرور بارزانییەوە نەدرێت بەڵکوو بەغدا ڕاستەوخۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دابەش بکات، ئەمەش داواکاری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە و لەو بڕوایەدان کە مووچەکانیان لە لایەن بەغداوە دوا ناکەوێت و بە بێ دەستکاریکردن لە کاتی خۆیدا دابەش دەکرێت بەڵام حکومەتی هەرێم هەر کات بیەوێت مووچە بە لێبڕین و پاشەکەوتەوە دابەش دەکات.

ئەو بە تەواوی بەرپرسانی هەرێم بە تایبەت پارتییەکانی توڕە کردووە، کار گەیشتە ئەوەی عەلی عەونی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی بە سەگ ناوی بردووە و هۆکارەکەشی ئەوەیە کە کیلابی داوای دابەشکردنی ڕاستەوخۆی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی لە لایەن بەغداوە کردووە.

ڕاشیگەیاندووە کە تەنیا پشتگیری لە داواکەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی مووچەکانیان لە لایەن بەغداوە دەکات.