کیلابی مۆتەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان

یوسف کیلابی پەرلەمانتاری عێراق مزگێنی بە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان داوە کە محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی ئەم وڵاتە ئامادەیە ڕاستەوخۆ مووچە بە سەر فەرمانبەرانی هەرێم دابەش بکات.

کیلابی کە ئەندامی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقە، ڕایگەیاندووە کە سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، سەردانی سەرۆک وەزیرانی کردووە و سودانی پێی ڕاگەیاندووە کە ئەگەر لە پەرلەمان دەنگ لە سەر دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بە شێوەی ڕاستەوخۆ لە بەغداوە بدرێت و وەک بڕگەیەک لە هەمواری یاسای بودجەی 2024 جێگیر بکرێت، ئەوا حکومەتیش یاساکە جێبەجێ دەکات و مووچە دەنێرێت.

یوسف کیلابی بووەتە دەموچاوێکی بەرگریکار لە گواستنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ سەر حکومەتی بەغدا و مزگێنی بە مووچەخۆرانی هەرێم داوە کە لە کۆی 25 ئەندامی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، 20 ئەندامیان واژۆیان لە سەر هەموارکردنی یاسای بودجە کردووە، لە کاتێکدا کە داواکارییەکە تەنیا 10 واژۆی پێویستە.

ڕاشیگەیاندووە کە لە داهاتوویەکی نزیکدا دەست دەکرێت بە ڕێکاری هەمواری یاسای بودجەی 2024 و لە گەڵ حیزبە کوردییەکان هەوڵی چەسپاندنی دەدرێت و ئەمەش ڕێگە بە وەزارەتی دارایی عێراق دەدات ڕاستەوخۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابەش بکات.

ئەندامانی فراکسیۆنەکانی یەکێتی، نەوەی نوێ، کۆمەڵ و یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان واژۆیان لە سەر ئەو داواکارییە کردووە کە مووچە ڕاستەوخۆ لە لایەن بەغداوە دابەش بکرێت و تەنیا پارتی دژایەتی ئەم مافەی مووچەخۆرانی کردووە.