کیلابی لە بەغداوە پارتییەکانی تۆقاندووە

یوسف کیلابی ئەو پەرلەمانتارە عەرەبەیە کە دەیەوێت خەڵکی هەرێمی کوردستان بگەنە مافە دەستوورییەکانی خۆیان و حکومەتی هەرێم دەستی لە پشکی بودجە و مووچەی فەرمانبەرداندا نەبێت.

ئەو پەرلەمانتارە عەرەبە پشتیوانی خۆیی بۆ داواکارییەکەی فراکسیۆنەکانی نەوەی نوێ، یەکێتی، کۆمەڵ و یەکگرتوو لە بەغدا ڕاگەیاندووە کە دەیانەوێت بەغدا ڕاستەوخۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابەش بکات.

پارتی و میدیاکانی کە دەزانن ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دەسەڵاتەکەیان لاواز دەبێت و شتێک بە ناوی پاوانخوازیی ئەوان لە داهاتوودا نامێنێت، کەوتوونەتە دژایەتی کیلابی و بە کەسێکی شۆڤینی ناویان بردووە.

ئەگەر کیلابی شۆڤینی بێت ئایا لە گەڵ چوار فراکسیۆنی کوردی بەرگری لە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەکات؟

ئەو پەرلەمانتارە تەنیا دژی سیاسەتەکانی پارتی دیمۆکراتی کوردستانە لە عێراق و هیچ دوژمنایەتییەکی لە گەڵ کورد و هەرێمی کوردستان نییە.

پارتی و میدیاکانی دەیانەوێت کێشەکانی خۆیان لە گەڵ لایەنەکانی بەغدا بە پرسە نیشتمانییەکانەوە ببەستنەوە و لەم ڕێگەیەوە هانی خەڵک بدەن و پشتگیری بۆ سیاسەت و بەرژەوەندییەکانی خۆیان دابین بکەن.

ئەگەر کیلابی و هاوڕێکانیشی نەبێت ئەوا فراکسیۆنە کوردییەکان لە پەرلەمانی عێراق هەوڵی زامنکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دەدەن بەڵام بێ دەستوەردانی پارتی و بڕینی لە لایەن حکومەتە خۆڕاگرەکەوە.