کۆمەڵە و دیمۆکرات دەخرێنە کەمپەوە
حکومەتی هەرێمی کوردستان نوێنەرانی کۆمەڵە و دیمۆکرات و لایەنەکانی دیکەی بانگهێشت کردووە و پێی ڕاگەیاندوون کە بەپەلە و لە ماوەی 15 ڕۆژدا هێزەکانیان لە ناوچە سنورییەکان بکشێننەوە و خۆیان بۆ چوونەوە ناو کەمپ ئامادە بکەن.
ئەو کەمپەی بۆ کۆمەڵە و دیمۆکرات ئامادە کراوە، لە لایەن حکومەتی هەرێم و عێراقەوە سەرپەرشتی دەکرێت و نەتەوە یەکگرتووەکانیش چاودێریی دەکات.
هێشتا بە کۆمەڵە و دیمۆکرات نەوتراوە کە شوێنی کەمپەکە لە کوێیە.
حکومەتی هەرێم بە نوێنەرانی کۆمەڵە و دیمۆکراتی ڕاگەیاندووە کە لە ژێر فشاردان و دەبێت پرۆسەی چەک داماڵین و چوونەوە ناو کەمپی ئەوان جێبەجێ بکرێت.
هەنگاوەکەی حکومەتی هەرێم کێشە و دووبەرەکیی خستووەتە ناو کۆمەڵە و دیمۆکراتەوە. هەندێک داوا دەکەن ملکەچی بڕیارەکان بن و هەندێکی دیکە بە بێ هیچ بیرکردنەوەیەک ڕایانگەیاندووە کە دەبێت بگەڕێنەوە شاخەکان.
ئەگەرچی شوێنی کەمپەکەی کۆمەڵە و دیمۆکرات و لایەنەکانی دیکە دیار نییە بەڵام دەوترێت کە ناوچەکانی دەرەوەی هەرێمە، ئەمەش ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆری خستووەتە دڵی ئەوانەوە کە ڕەنگە وەک موجاهدینی خەڵق لە لایەن هێزەکانی سەر بە ئێرانەوە هێرشیان بکرێتە سەر.
ئێران 19 ی ئەیلولی 2023 ی وەک دوا موڵەت بۆ داماڵینی چەک و دوورخستنەوەی ئەو هێزانە لە سنورەکان دیاری کردووە. ئەمەش لە چوارچێوەی ڕێکەوتنە ئەمنییەکەدایە کە لە نێوان تاران و بەغدا بە ئامانجی توندووتۆڵکردنی ڕەوشی ئەمنی لە سنورەکان و پاراستنیان لە دیاردەی قاچاخ و دزەکردنی چەکدارە نایاساییەکان واژۆ کراوە.