کۆمپانیاکانی نەوت لەکاتی ڕاوەستانی هەناردەی نەوتی هەرێم لەجیاتی زیان قازانجیان کردوە

کۆمپانیای شاماران پترۆلیۆمی کەنەدی ئاشكرایكردوه‌، داهاتی گشتی کۆمپانیاکە لەچارەکی دوەمی ئەمساڵدا (22 ملیۆن‌و 630 هەزار) دۆلار بوە، لەکاتێکدا داهاتەکەی لەچارەکی دوەمی ساڵی ڕابردوو تەنها (6 ملیۆن‌و 542 هەزار) دۆلار بوە.

لە (1ى 4ى 2024 تاوه‌كو 30ى 6ى 2024) لەهەردوو کێڵگەی نەوتی (سەرسەنگ‌و ئەتروش)، بەتێکڕای کاری ڕۆژانە، (54 هەزارو 800) بەرمیل نەوت بەرهەمهێندراوە، بەکۆی گشتی بڕی (4 ملیۆن‌و 901 هەزار) بەرمیل نەوتی خاو فرۆشراوە.

هاوکات لە (1ى 1ى 2024 تاوه‌كو 30ى 6ى 2024) لەهەردوو کێڵگەی نەوتی (سەرسەنگ‌و ئەتروش)، بەتێکڕای کاری ڕۆژانە (56 هەزارو 100) بەرمیل نەوت بەرهەمهێندراوە، بەکۆی گشتی بڕی (10 ملیۆن‌و 63 هەزار) بەرمیل نەوتی خاو فرۆشراوە.

لەکاتێکدا لەنیوەی یەکەمی ساڵی (2023) کۆمپانیاکە بەتێکڕای کاری ڕۆژانە (42 هەزارو 200) بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوەو بەکۆی گشتی بڕی (7 ملیۆن‌و 116 هەزار) بەرمیل نەوتی خاوی فرۆشتبوو.

دوای نۆ ساڵ لەسکاڵایەکی حکومەتی عێراق لەسەر حکومەتی تورکیا لەژوری بازرگانی نێودەوڵەتی لەپاریس بەوەی “توركیا ر‌ِێكەوتنی ترانزێتی بۆریی نەوتی ساڵی 1973ی پێشێلكردوە، بەوەی توركیا ڕێگەیداوە نەوتی خاو لەهەرێمی كوردستانی عێراقەوە بەبێ ر‌ِەزامەندیی بەغدا، لەڕێگەی توركیاوە هەناردەبكرێت”، دواجار ژوری بازرگانی نێودەوڵەتی لەپاریس بڕیارێکی (277) لاپەڕەیی لەڕۆژی (13ی شوباتی 2023) دەرکردو لە(25ی ئازاری 2023) بەفەرمی بوە هۆی ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی كوردستان.

بەگوێره‌ى بڕیارەكەی ژوری ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لەپاریس، حكومەتی هەرێم حكومەتێكی دەستوریی‌و یاساییە لەچوارچێوەی عێراقدا، بەڵام ناتوانێت نەوت لەڕێگەی بۆریەوە بگوازێتەوە بۆ دەرەوە، چی نەوتی باكور بێت، چی نەوتی هەرێم، چونكە هەرێمی كوردستان بەشێك نییە لەڕێككەوتنی (IPT) واتا (بە بازاڕكردنی نەوتی جیهانی) كە لەنێوان توركیاو عێراق لەساڵی 1973 تایبەت بەبۆری نەوت واژۆكراوە.