کۆتا وێستگەی لاهور شێخ جەنگی

پاش ڕووداوەکانی 8 ی تەمموزی 2021 و دەرکردنی لاهور شێخ جەنگی لە یەکێتی لە لایەن کوڕانی تاڵەبانییەوە، ناوبراو هەوڵێکی زۆریدا لە پێناو گەڕانەوەی بۆ یەکێتی و لە پاش بڕیارەکەی دادگای هەولێریش کە شوێندەستی پارتی و مەسرور بارزانیی پێوە دیاربوو، خۆیی وەک هاوسەرۆکی یەکێتی ناساندەوە.

هەوڵەکانی لاهور شێخ جەنگی لە پێناو گەڕانەوە بۆ یەکێتی نیشتمانی کوردستان سەرکەوتوو نەبووە و جگە لە چەند کۆبوونەوەیەک لە گەڵ بەرپرسانی گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتووی ئیسلامی، هیچ دەرکەوتنێکی فەرمی سیاسیی نەبووە و تەنیا هەوڵیداوە خۆی لە شەقامەکانی سلێمانی و کافتریاکان و یاریگاکان دەربخات و خۆی بە خاوەن جەماوەر و پێگەی باڵا لای خەڵک بناسێنێت.

ئێستا بەرە بەرە پەردە لە سەر هەنگاوەکانی لاهور شێخ جەنگی لادەچێت، ئەویش بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانییەک بە مەبەستی بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق.

ئەگەرچی لاهور شێخ جەنگی پرۆژەیەکی سیاسیی بۆ بەشداری یەکگرتووی کورد لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکانی دیکەی عێراق پێشکەش کردووە بەڵام هیچ لایەنێکی سیاسی پێشوازی لێنەکردووە و پێدەچێت پرۆژەکە لە لیستێکی تایبەت بە خۆی لە هەڵبژاردنەکاندا بمێنێتەوە.

هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق لە هەرێمی کوردستان بەڕێوە ناچێت و لاهور شێخ جەنگیش گرنگی بە کەرکوک دەدات بە پێی ئەوەی کە یەکێتی لەم شارە بەردەوام دەنگی لە لایەنەکانی دیکە زیاتر بووە.

هاوسەرۆکی پێشووی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئامانجی ئەوەی هەیە کە بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی پارێزگاکانی عێراق بکاتە دەرفەتێک بۆ گەڕانەوەی بۆ ئەم حیزبە. هەروەها دەیەوێت لەم ڕێگایەوە سەنگ و قورسایی خۆی لە گۆڕەپانی سیاسی هەرێم و عێراق بخاتەڕوو. بەڵام ئەم هەڵبژاردنانە یەکەم و کۆتا دەرفەتی گەڕانەوە و تەنانەت مانەوەی لە سەر گۆڕەپانی سیاسی دەبێت.

ئەگەر لاهور شێخ جەنگی لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق لە کەرکوک دەنگی زۆر کۆبکاتەوە و پێگە و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی بکەوێتە بەردەم مەترسییەوە و ئەمەش زەنگی مەترسی گەورەتر بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان بۆ یەکێتی بێت، ئەگەری ئەوە هەیە بافڵ تاڵەبانی پێداچوونەوە بە بڕیاری دەرکردنی ناوبراودا بکات و لە پێناو مانەوەی خۆی و پێگەی یەکێتی پەنا بۆ خواردنەوەی ژەهرەکە و بڕیاری گەڕانەوەی لاهور شێخ جەنگی و دەرکراوەکانی دیکە ببات.

ئەگەر لاهور شێخ جەنگیش دەنگ نەهێنێت دەبێتە کاراکتەرێکی لاواز و نە دەگەڕێتەوە بۆ ناوخۆی یەکێتی و نە لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستانیش بەشداری دەکات. ڕەنگە لە پاش ئەوەش تەنیا چالاکیی ئەوە بێت بەشداری لە پرسەی خەڵکدا بکات، لە سەهۆڵەکە بچێتە کافتریاکان و وەک هاندەرێک بچێتە یاریگاکانەوە و سەیری یارییەکانی تیپی نەورۆز بکات.