کۆتایی گۆڕان ڕابگەێنن

جێگری پێشووی سکرتێری جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاندووە کە ئەم بزوتنەوەیە شتێکی نەماوە و بە فەرمی کۆتایی هاتووە.

ساڵح ژاژڵەیی سەبارەت بە دۆخ و داهاتووی بزوتنەوەی گۆڕان هەندێک زانیاریی ئاشکرا کردووە کە پێمان دەڵێت ئەم بزوتنەوەیە بە فەرمی کۆتایی هاتووە و پرۆژەی بە ناو هەستانەوە هەر لە سەرەتاوە شکستی هێناوە.

کورتەیەک لە وتەکانی ژاژڵەیی سەبارەت بە دۆخی ئێستای بزوتنەوەی گۆڕان:

بزوتنەوەی گۆڕان لەوە دەرچووە کە بتوانێت کێشەکانی خۆی چارەسەر بکات.

گۆڕان کەوتووەتە دۆخێکەوە کە کەس نایەوێت خۆی بۆ پۆستی ڕێکخەری گشتی کاندید بکات.

ئێستا گۆڕان و ئەوانەی لە گردەکەن، کەسێکیان دەست ناکەوێت بۆ ئەوەی بیکەنە ڕێکخەر و ئەو کەسەش تا ئێستا پەیدا نەبووە تا ئەو پۆستە وەربگرێت.

ئەگەر کەسێکیش ببێتە ڕێکخەر، هیچ سوودێکی نابێت.

بزوتنەوەی گۆڕان وەک کەسێکی پیری لێ هاتووە کە چووەتە تەمەنەوە و پیر بووە.

سەردەمی گۆڕان کۆتایی هاتووە و ئەو کەسەش باس دەکرێت کە دەکرێتە ڕێکخەر لە ناوخۆی کوردستان نییە، قسەش لە گەڵ چەند کەسێک کراوە و ئامادە نین پۆستەکە وەربگرن، کەس ئومێدی نەماوە گۆڕان چاک بکاتەوە، کەسێک نییە بچێتە ژێر ئەو بارەوە.

بە چەند برادەرێکی گۆڕانم وتووە کە کۆتایی پێبێنن و ڕایبگەێنن کە گۆڕان تەواو بووە.

دوای کاک نەوشیروان مستەفا کۆمەڵێک بۆ بەرژەوەندی خۆیان تێکیاندا، ئەوەی دڵسۆز بێت بۆ گۆڕان لەوە تێدەگات کە بەرپرسانی ئەم بزوتنەوەیە بە دوای پلە و پۆستەوە بوون بۆیە چوونە ناو حکومەتەوە، ئەوانەش ماون بە دوای ئەوەدان پلە و پۆست وەربگرن.