کۆتایی کەمال ناکەرکوکی

کەمال ناکەرکوکی کە ڕۆڵی بەرچاوی لە دژایەتیکردنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و لایەنە کوردی و عێراقییەکانی دیکە لە کەرکوکدا هەبووە، بە شێوازی کتوپڕ لە لایەن مەسعود بارزانییەوە لە پۆستەکەی دوور خرایەوە و بە جۆرێک کۆتایی بە ناوبراو هێنرا.

محەمەد عەبدوڵڵا قادر ناسراو بە کەمال کەرکوکی (ناکەرکوکی) لە پۆستی بەرپرسی ڕێکخستنی کەرکوک – گەرمیان – پارتی دیمۆکراتی کوردستان دوور خرایەوە و لیزا فەلەکەدین کاکەیی لە شوێنەکەی دانرا.

ئەمە ڕەنگە خۆشترین هەواڵ بۆ کادیر و لایەنگرانی پارتی بە تایبەت لە سنوری کەرکوک بێت، بەو پێیەی کە لە نێو پارتییەکاندا هیچ کات کەمال کەرکوکی قبووڵکراو نەبووە و هەمیشە بە کەسێکی بێزراو وەسف کراوە، هەر بۆیە لە ماوەی ڕابردوودا ژمارەیەکی زۆر لە کادیرە زویر و نیگەرانەکانی پارتی لە نامەیەکدا بۆ مەسعود بارزانی بە ڕاشکاوی هەموو گلەییەکانی خۆیان خستەڕوو.

بارزانی لە شێوەی دەربڕین، قسەکان و هەڵوێستەکانی کەمال ناکەرکوکی توڕە بووە و تەنانەت لە سەر دیاریکردنی کەسانی لاواز لە لیستەکەی پارتی بۆ کێبڕکێی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بە توندی لێی توڕە بووە و لە ماوەی ڕابردوودا داوایکردبوو کە ئەو هیچ دەرکەوتنێکی میدیایی نەبێت و هیچ هەڵوێستێکیش دەرنەبڕێت.

لەو نامەیەدا بە مەسعود بارزانی ڕاگەێندرابوو کە کەمال کەرکوکی لە ڕێگەی دوو کەسی نزیک خۆیەوە سەرقاڵی پرۆژەکانی وەبەرهێنانە لە کەرکوک، تکریت و نەینەوا و تەنانەت لە بری کەسانی دڵسۆز بە پارتی، کەسانی بەعسی و لاواز و جاشی لە لیستەکەیدا جێکردووەتەوە و پارتیی تووشی ئیحراجییەکی گەورە کردووە.

ئەمەش لە کاتێکدا کە باس لەوە دەکرێت لادانی کەمال ناکەرکوکی لە پۆستەکەی، پەیوەندی بە مەرجی حکومەتی عێراقەوە بۆ گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکوک و ڕادەستکردنەوەی بارەگاکانی هەیە. زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە بەرپرسانی حکومەتی عێراق پارتی دیمۆکراتی کوردستانیان ئاگادار کردووەتەوە کە کەمال ناکەرکوکی لە سێ کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیدا قسەی بە حکومەت و سوپای عێراق وتووە و دەبێت دوور بخرێتەوە، بۆ ئەوەی کە پەیوەندییەکان ئاسایی ببێتەوە و پارتی بتوانێت بۆ کەرکوک بگەڕێتەوە.

هەروەها یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش دژی کەمال ناکەرکوکی بووە و بەردەوام ڕایگەیاندووە کە زمانە زبر و نەشیاوەکەی زیانی بە پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی و بەرژەوەندییەکانی کورد لە کەرکوک گەیاندووە. بەمەش کۆتایی بە کەمال ناکەرکوکی لە کەرکوک هێنرا.